حیزبەکانی رۆژهەڵات دەستیان بە چۆڵکردنی کەمپەکانیان کرد
یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتننامە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێران چووە بواری جێبەجێکردنەوە، کە خۆی لە چۆڵکردنی سێ کەمپی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەبینێتەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
بەرپرسێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان، بە کەناڵ8ـی راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ـی ئەیلوولی2024 بە فەرمی ئاگادارکراونەتەوە دەست بە چۆڵکردنی کەمپەکانیان لە زڕگوێز، زڕگوێزەڵە و بانەگەورە بکەن و پێویستە تاوەکو سەرەتای مانگی داهاتوو تەواوی ئەندامەکانیان لە کەمپی سوورداش جێگیربکەن.
بەرپرسەکەی کۆمەڵە راشیگەیاند، ئەمڕۆ 10 خێزان زڕگوێزیان بەرەو کەمپی سوورداش جێهێشتووە، کە دەکەوێتە سنووری قەزای دوکان و لە ساڵی 2014ـدا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دروستکراوە.
چۆڵکردنی کەمپەکانی نزیک سنووری ئێران لەلایەن حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەشێکە لە رێککەوتننامە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێران، کە مانگی ئازاری ساڵی 2023 لە بەغداد واژۆکراوە.
لەوکاتەوە هەریەک لە قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان زیاد لە جارێک سەردانی ئێرانیان کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چۆنێتیی جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتننامە ئەمنییەکە.
پێشتر رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، پرسی بوونی هێزی چەکدار لەسەر سنووری ئێران بەگوێرەی ئەو رێککەوتننامە ئەمنییە چارەسەرکراوە، شوێن و کەمپی تایبەتیان بۆ ئامادەکراوە و لە ناوچەکانی نزیک سنووری ئێران دووردەخرێنەوە.
05/09/2024