گرفت بۆ هاوتاکردنى مووچەى کەسوکاری شەهیدان دروستدەبێت
بەگوێرەى بەدواداچوونێکى کەناڵ8 لەکاتى هەوڵدان بۆ هاوتاکردنى مووچەى کەسوکاری شەهیدان بە هاوتاکانیان لە حکومەتى فیدراڵ پێویستە یاساى شەهیدانى عێراقى هەمواربکرێت و ئەمەش دەبێتە گرفتى یاسایی بەردەم هاوتاکردنەکە، ئەگەرچى بەهاوتاکردنى مووچەکانیان مووچەى شەهیدێکى سەنگەر لە 500هەزار دینارەوە دەبێتە زیاتر لە یەک ملیۆن و 200هەزار دینار.
بەگوێرەى بەدواداچوونەکە، لەیاساى ماف و شایستەکانى شەهیدانى هەرێمى کوردستان، سێ جۆر شەهید هەن، ئەوانیش شەهیدى سەنگەر، شەهیدى جینۆساید و شەهیدى هاوڵاتی، بەڵام لە یاساى عێراقى تەنها یەک جۆر شەهید هەیە، بۆیە ناتوانرێت یاسا عێراقیەکە لە هەرێمى کوردستان جیبەجێبکرێت و مووچەکانیان هاوتابکرێت.
مووچەى شەهیدى سەنگەر لە عێراق لەسەروو یەک ملیۆن و 200هەزار دینارەوەیە، بەڵام شەهیدى سەنگەر لەهەرێمى کوردستان مووچەکەى لە 500هەزار دینارەوە دەستپێدەکات.
گرفتەکانى بەردەم هاوتاکردنى مووچەى شەهیدان لەکاتێکدایە، رۆژى سێى ئەم مانگە هاوتاکردنی مووچەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لەعێراق خرایە بوارى جێبەجێکردن و هەفتەى داهاتوو گفتوگۆکانى هاوتاکردنى مووچەى خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان دەستپێدەکات.
06/09/2024