تۆڵستۆی.. ڕۆماننووسی ژیانی ڕاستەقینە و چارەسەرێک بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان

حەسەن فەلاح 1 کاتژمێر پێش ئێستا

لێڤ نیکۆلایەڤیچ تۆڵستۆی، ناسراو بە لیۆ تۆڵستۆی، یەکێکە لە بەناوبانگترین ڕۆماننووسەکانی ڕووسیا و جیهان، کە تاوەکو ئێستاش بەرهەمەکانی لە ناوندە جیهانییەکان و لەلای خوێنەران سەنگ و بایەخی زۆریان پێدەدرێت.


لیۆ تۆڵستۆی، ڕێکەوتی نۆی ئەیلوولی 1828 لە ڕووسیا لەدایکبووە، نووسەری ڕۆمان و کورتەچیرۆک بووە، بە ڕۆمانەکانی ناوبانگی پەیداکردووە، لەوانە: جەنگ و ئاشتی و ئانا کارنینا، هاوتای کورتەچیرۆکی مردنی ئیڤان ئیلیچ.


ناوەڕۆکی کارەکانی تۆڵستۆی، لە هەناوی ڕووداوە ڕاستەقینەکاندا دێنە دەرەوە، جیهانی گێڕانەوەی ئەم نووسەرە، جیهانێکی پر لە گومان و پرسیارە سەبارەت بە ئەخلاق و قەیرانی ڕۆحی، لە پەنجاکانی تەمەنیدا، دەستی داوەتە کارکردن لەسەر پرسە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان.


سۆفیا بێرس، کە لە تەمەنی 18 ساڵییەوە هاوسەرگیریی لەگەڵ تۆڵستۆی کردووە، پاڵنەرێکی گەورە بووە بۆ تەواوکردنی کارەکانی و ڕۆمانی جەنگ و ئاشتی لەماوەی حەوت ساڵدا بۆ نووسیوەتەوە و ڕەشنووسەکەی پێشکەش کردووە، وێڕای هاوکارییەکان، ژیانێکی سەختیان پێکەوە بەڕێکردووە و سۆفیا سەبارەت بە شێوازی ژیانی تۆڵستۆی تووڕە و نیگەران بووە، بەو هۆکارەی تۆڵستۆی خۆشەویستییەکی سەمەرەی بۆ هەژاریی هەبووە و باوەڕی تایبەتی بە شێوازی ژیانی هەژارانە داڕشتووەتەوە.


گۆڕانی شێوازی کارکردن و بیرکردنەوەی تۆڵستۆی، گوزارشت لە کاریگەربوونی دەکات لەژێر ڕەوت و جووڵانەوە سیاسی و ئایینییەکاندا، هەریەک لە کەسایەتییەکانی مەهاتما گاندی و مارتن لوسەر کینگ کاریگەر بوون بە بیرۆکەکانی.


تۆڵستۆی خاوەنی پاشخانێکی دەوڵەمەند بووە لە زانینی زماندا، لە زمانەکانی ئینگلیزی، فەڕەنسی و ئەڵمانییدا ئاستی باڵای هەبووە، توانیویشیەتی یۆنانی، لاتینی، ئیسپانی، ئیتاڵی، ئۆکرانی، تورکی و بولگاری بخوێنێتەوە، کتێبخانەکەی 23 هەزار کتێبی تێدا بووە کە بە 39 زمان نووسراونەتەوە.


خاوەنی دەستوخەتێکی سەرنجڕاکێش و خۆشنووس بووە، خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئەدەبیات ڕەت کردووەتەوە و حەزی لە شکسپیر نەبووە، تەنانەت ئاماژەی بەوەش داوە نەیتوانیوە بەرگەی کارەکانی بگرێت.


تۆڵستۆی لە کۆتا ساتەکانی تەمەنیشیدا، جەختی لە چارەسەرکردنی گرفتە کۆمەڵایەتییەکان کردووە، لە تەمەنی 82 ساڵیدا، پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات و لە دوا ساتەکانی ژیانیدا، گفتوگۆی لەگەڵ خەڵک کردووە سەبارەت بە پرسە کۆمەڵایەتییەکان.


لەماوەی ژیانی ئەدەبیی خۆیدا، تۆڵستۆی دەیان رۆمان و کورتەچیرۆکی نووسیوە، لە دیارترینیان

جەنگ و ئاشتی

ئانا کارنینا

مردنی ئیڤان ئیلیچ

منداڵی

حاجی موراد

سێ پرسیارەکە

هونەر چییە؟

حەسەن فەلاح

1 کاتژمێر پێش ئێستا