موزیکژەنێک لەرێگای فێڵێکی ژیریی دەستکردەوە ملیۆنان دۆلار بەدەستدەهێنێت
مایکل سمیس، موزیکژەنێکی خەڵکی ویلایەتی کارۆلینای باکوورە، ئێستا رووبەڕووی تۆمەتی یاسایی گەورە بووەتەوە بەهۆی ئەوەی کە گوایە ژیریی دەستکرد و هەزاران بۆتی ئۆتۆماتیکی بەکارهێناوە، بۆ ئەوەی بە ساختەکاری بینەری مۆسیقاکانی بەرزبکاتەوە و بەمەش ملیۆنان دۆلاری دەستبکەوێت.
داواکارانی گشتی ئەمە بە کەیسێکی نوێ و پێشکەوتوو باس دەکەن، سمیس تۆمەتبارە بە دەستکاریکردنی داتاکانی بینەران لە رێگەی مۆسیقای دروستکراو بە ژیریی دەستکرد و بەکارهێنانی چالاکیی بەرفراوانی بۆتەکان بۆ ئەوەی نەدۆزرێتەوە. بەپێی زانیارییەکان، لە ماوەی چەند ساڵێکدا، سمیس لە ڕێگەی ئەم پلانە ساختەیە زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێناوە.
بەپێی تۆمەتبارکردنەکە، سمیس تا 10 هەزار ئەکاونتی بۆتی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی ملیۆنان جار تراکەکانی دروستکراوی ژیریی دەستکرد لە سەرانسەری پلاتفۆرمە جیاوازەکاندا بڵاوبکاتەوە. هەروەها لە تۆمەتبارکردنەکەدا ئاشکرابووە کە سمیس لە ساڵی 2018ەوە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرێکی کۆمپانیای مۆسیقای ئەی ئای هەبووە کە ناوی نەهێنراوە، و هەزاران تراکی دابینکردووە لە بەرامبەر پشکێک لە داهاتەکە.
بڵاوکردنەوەی میوزیکی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد لە چەند ساڵی رابردووەوە پەرەیسەندووە، هەرچەندە کارێکی نایاسایی نییە بەڵام گۆرانیبێژ و موزیکژەنان نیگەرانن لەبارەی بەکارهێنانی کارەکانیان بۆ راهێنانکردن بە ژیریی دەستکردی بەرهەمهێن و داوا لە حکومەتی وڵاتان دەکەن سنوورێکی یاسایی بۆدابنێن.
10/09/2024