ویکند کلیپێکی نوێ بڵاودەکاتەوە کە بە "iPhone 16 pro" وێنەی گیراوە
پاش تێپەڕینی چەند رۆژێک بەسەر ئاشکراکردنی ئەلبوومی داهاتوویدا، ویکند بەشێوەیەکی فەرمی، رێکەوتی بڵاوبوونەوەی یەکێک لە گۆرانییەکانی راگەیاند.
ئەلبوومی "Hurry Up Tomorrow" ئەلبوومی داهاتووی هونەرمەندی دیاری کەنەدا و جیهان "ویکند" دەبێت، کە لەماوەی رابردوودا، بەشێوەیەکی فەرمی ناوەکەی و بەرگە هونەرییەکەی ئاشکرا کرد.

پاش تێپەڕینی چەند رۆژێک بەسەر ئەم راگەیەندراوەدا، ویکند هەوادارانی بە هەواڵێکی نوێ خۆشکرد و ئاماژەی بەوە دا: گۆرانییەکی تاک بەم نزیکانە بڵاودەکاتەوە، کە سەر بە ئەلبوومە نوێیەکەی دەبێت و بە ناونیشانی "Dancing in the Flames" هەوڵ دەدات سەرنجی هەوادارانی خۆی بەلای ئەلبوومەکەیدا رابکێشێت.
وەکو خۆی ئاماژەی پێدەدات، گۆرانییەکە هاوشانی ڤیدیۆ کلیپێک بڵاودەبێتەوە، کە بەتەواوەتیی کاری ڤیدیۆ گرتنەکەی بە مۆبایلی ئایفۆن 16 گیراوە و توانا و بەهێزییەکەی نیشان دەدات.

ویکند یەکێکە لە دیارترین هونەرمەندەکانی رۆژئاوا، تاوەکو ئێستا، خاوەنی 187 ناونیشانی جیاوازی موزیک و گۆرانییە وەکو هونەرمەندی سەرەکی و بەشدار لە بەرهەمەکاندا، کە توانیویەتی چوار جار، ببێت بە براوەی خەڵاتی موزیکیی گرامی.
10/09/2024