دوو ناوچەى بازرگانیی ئازاد و پیشەسازی لە سلێمانی دەکرێنەوە
سلێمانی، بەهۆی پێگە ستراتیجییەکەى رۆڵی سەرەکیی لە بازرگانیی و ئابووریی ناوچەکەدا هەیە. بە دروستکردنی ناوچەی بازرگانیی ئازاد و پیشەسازی لە سلێمانی، ئاستی ئاڵوگۆڕ بۆ زیاتر لە شەش ملیار دۆلار بەرز دەبێتەوە و شارەکە دەبێتە پردێک بۆ بەستنەوەی بازرگانیی ناوچەکە بە بازاڕە جیهانییەکانەوە.
ئەحمەد عەلى، ئەندامى کارگێڕى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى بە کەناڵ8 ـى راگەیاند، دوو ناوچەى بازرگانى ئازاد لە نزیک دەروازەکانى پەروێزخان و باشماخ دروست دەکرێت و ئەوەى پەروێزخان مۆڵەتەکەى تەواو بووەو لە ئایندەیەکى نزیکدا دەکرێتەوە. میدیاى ئێرانى سەرنجى خستوەتەسەر ئەم پرسە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی دەلتای ئێرانی، بابەتێکى بڵاوکردوەتەوە و تێیدا ئاماژەى بەوەکردووە سلێمانی پێگەیەکی ستراتیجی و جوگرافیی بۆ گەیشتن بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان هەیە. هەروەها ئاسانکاریی گومرکی و یاساکانی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی و دەوڵەندیی سەرچاوە ئابوورییەکان، بۆ هەناردەکردن سلێمانیی کردووەتە ناوچەیەکی گرنگ.
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، ئەو کەسانەی دەیانەوێت سوود لەو دەرفەتانە وەربگرن، گرنگە بەشداری لە بازاڕیی گەورەی سلێمانی و گەشەی ئابووریی ئەو ناوچەیەدا بکەن.
ناوچەی بازرگانیی ئازاد و پیشەسازیی سلێمانی دەبێتە ناوچەیەکی تایبەت لە کوردستان و عێراق و ناوەندێکی نێودەوڵەتی بۆ بازرگانیی و رەخساندنی ژمارەیەکی زۆر هەلی کاری جۆراوجۆر. بەهۆی پێگە و تایبەتمەندییەکانی سلێمانییەوە، ئەو ناوچەیە لە ئاستی ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت جیهاندا دەبێتە ناوچەیەکی گەرەنتیکراو.
ئاماژە بەوەشکراوە، نزیکیی سلێمانی شارە گەورەکانی بەغداد، کەرکوک، موسڵ، هەولێر و ناوچەکانى دیکەى عێراق و تورکیایە، پێگەی ستراتیجیی بۆ دروستکردنی ناوچەی بازرگانیی ئازاد و پیشەسازی و دەستڕاگەیشتن بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان ئاسان کردووە.
هەروەها ژمارەیەک ناوەندی لۆجستیی پێشکەوتووی هەیە، کە ژێرخانی لۆجستیی پێشکەوتویی تیادا فەراهەمکراوە و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی یەکێک لە ژێرخانە گرنگانەیە، کە ئاسانکاری لە گواستنەوەی کاڵا و هەناردەکردن و هاوردەکردندا دەکات.
لە ناوچەی ئازادی بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی، بەخشینی گومرکی و دیاریکردنی نرخی دراوی بیانی بە نرخی فەرمیی حکومەت کارئاسانی بۆ وەبەرهێنەران دەکات. دەشبێتە پردێکی پەیوەندی لەگەڵ وەبەرهێنەرانی بیانی.
هاوکات هێزی مرۆیی لیهاتوو و کارگۆ و کۆگای پێشکەوتوو و ئەندازەیی لایەنێکی دیکەی گرنگیی ناوچەی سلێمانییە بۆ بازرگانیی نێودەوڵەتی.
سلێمانی بازاڕێکی گەورەی و ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی هەیە، کە خواستی زۆری لەسەر کاڵای جۆاروجۆری بیانی بۆ پیشەسازی، بیناسازی، کەلوپەلی ناو ماڵ، کەلوپەلی کارەبایی و پێداویستییە جۆراجۆرەکان هەیە.
ناوچەی بازرگانیی ئازاد و پیشەسازیی سلێمانی بۆ ماوەی 10 ساڵ لێخۆشبوونی باجی هەیە و ئەوەش کاریگەریی لەسەر سەقامگیرکردنی بازاڕیی ئابووریی ناوچەکەدا و ئاڵۆگۆڕی زیاتر لە شەش ملیار دۆلار کاڵا دەبێت، کە سنوورەکانی باشماخ و پەروێزخان و حاجی ئۆمەران رۆڵی سەرەکییان لەو ئاڵۆگۆڕەدا دەبێت.
12/09/2024