خانەنشینیی پێشمەرگە: خانەنشینانى یەکەى 70 کێشەی یاساییان نییە و 95%یان بایۆمەترییان هەیە

دینارى عێراقى. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8
دینارى عێراقى. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی پێشمەرگە ئەوە دووپاتدەکەنەوە، خانەنشینانى یەکەى حەفتا کێشەى یاساییان نییە بۆ وەرگرتنى مووچەکانیان، داوا لە حکومەتى هەرێمى کوردستان کراوە بۆ ئەوەى دۆسیەکەیان چارەسەر بکرێت.

فەتحوڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگە لە وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـی گوت، "فەرمان دەرچووە لە وەزارەتى پێشمەرگەوە بۆ ئەوەى خانەنشینانى یەکەى 70 بچێتە سەر خانەنشینانى وەزارەتى دارایى، بەڵام ئەم پرۆسەیە کاتى دەوێت و دۆسیەکە ئاڕاستەى حکومەتى هەرێمى کوردستان کراوە بۆ ئەوەى چارەسەرى بکەن".

گوتیشى، "یەکەى 70 بەشێک لە خانەنشینانیان گواستووەتەوە بۆ وەزارەتى دارایى و بەشێکیان ماون، بەهەمان شێوە یەکەکانى 80 بەشێک لە خانەنشینانیان نەگواستووەتەوە بۆ وەزارەتى دارایى و  خەریکى گواستنەوەى دۆسیەى خانەنشینانى پێشمەرگەین".

هاوکات، فەتحوڵا عومەر ئەوەشى ئاشکراکرد، دۆسیەى سەرجەم خانەنشینانى یەکەى حەفتا تەواوە و 95% بایۆمەتریان کردووە و ئەوانەى نەکراوە لە دەرەوەى وڵاتن و داوایان کردووە بایۆمەترى بکەن، گوتیشى" خانەنشینانى یەکەى حەفتا لەساڵى 2013 تاوەکو 2019 مووچەکانیان لەرێگەى بەرێوەبەرایەتیى خانەنشینیى وەزارەتى دارایى بۆ رەوانە کراوە و وەزارەتى دارایى و ئابوورى دەزانن کێشەى یاساییان نییە".

خانەنشینانى پێشمەرگەى یەکەى حەفتا ژمارەیان 9 هەزار و 600 کەسە و مووچەى مانگانەیان دەگاتە سێ ملیار و 814 ملیۆن دینار.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژى چوارشەممە 11ـى ئەیلول، وەزارەتى دارایى و ئابوورى لە راگەیەندراوێکدا ئەوەى روونکردووەتەوە، "بە فەرمانى وەزیرى دارایى مووچەى مانگى تەمووزى خانەنشینانى یەکەى 70 خەرج کراوە و بۆ مانگەکانی داهاتوو هەر کێشەیەک بۆ مووچەکانیان دروست ببێت لە ئەستۆی بەرپرسانی هێزەکانی حەفتایە".