کارمەندانی کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان چۆن بەسەر جووت پارتی ئەمریکادا دابەش بوون؟

کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپ بەربژێری کۆمارییەکان
کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپ بەربژێری کۆمارییەکان

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا، بۆ  پشتگیریکردنی دوو پارتە سیاسییەکەی ئەمریکا دابەشبوونێکی بەرچاو لە کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکاندا بەدیدەکرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دەزگای قازانجنەویستی ئۆپن سیکرێتس، کارمەندانی کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆجیا وەک ئەلفابێت، ئەمازۆن و مایکرۆسۆفت لەبری دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر پشگیری کامالا هاریس کاندیدی دیموکراتەکان دەکەن و بڕی یەک ملیۆن و 100 هەزار دۆلاریان پێبەخشیوە. لەبەرامبەردا کرێکارانی وۆڵمارت 275 هەزار دۆلاریان بەخشیوە بە دۆناڵد ترامپ و لە هاریس زیاتر پشتگیری بەدەستهێناوە.

بەهۆی بەخشینی بەشێک لە باجەکانی کۆمپانیای ئەمازۆن، کارمەندانی ئەمازۆن ساڵانە بە تێکڕایی 133 هەزار دۆلار وەردەگرن، بەڵام کرێکارانی کۆمپانیاکانی وۆڵمارت نزیکەی 85 هەزار دۆلار داهاتیان هەیە، ئەمەش رەنگە هۆکاری زیادبوونی پشتگیرییەکانی ستافی ئەمازۆن بێت بۆ کامالا هاریس.

لە بەرامبەردا بەشێک لە ملیاردێرە کاریگەرەکانی تەکنەلۆجیا، لەوانە ئیلۆن مەسک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا، مارک ئەندرێسن و بن هۆرۆڤیتزی سەرمایەدار، پشتگیری لە ترەمپ دەکەن. ئەوان دەڵێن، حەزیان لە بۆچوونەکانی ترەمپە سەبارەت بە ئابووری و سیاسەتی بازرگانی.

ئەم دابەشبوونە تیشک دەخاتە سەر گۆڕانکارییەک لە کۆمپانیاکانی دۆڵی سلیکۆن لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا کە بەشێوەیەکی گشتی لایەنگرێکی بەهێزی دیموکراتەکانن.