سەرۆکی ئەفریقای باشوور: لەسەر دۆسیەکەمان لە دژى ئیسرائیل سوورین

سیریل رامابوزا، سەرۆکی ئەفریقای باشوور. فۆتۆ: AFP
سیریل رامابوزا، سەرۆکی ئەفریقای باشوور. فۆتۆ: AFP

سیریل رامابوزا، سەرۆکی ئەفریقای باشوور، سووربوونى وڵاتەکەى لەسەر دۆسیەی "کۆمەڵکوژیى" دژی ئیسرائیل لەبەردەم دادگای نێودەوڵەتیدا دووپاتکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد مانگی داهاتوو بەڵگەی زیاتر دەخرێتەڕوو.

ئەفریقای باشوور لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوودا سکاڵاى تۆمارکرد جەختیکردەوە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر غەززە لە وەڵامی هێرشەکەی حەماس لە حەوتی تشرینى یەکەمى 2023دا، پێشێلکردنی رێککەوتننامەی ساڵى 1947ـى نەتەوەیەکگرتووەکانە بۆ رێگری لە کۆمەڵکوژیى. ئیسرائیل بە توندی ئەم تۆمەتەی رەتکردەوە.

رامابوزا کاتێک پرسیاری لەبارەی دۆسیەکەوە لێکرا، بەڕۆژنامەوانانى گوت ""ئێمە مکوڕین"، جەختی کردەوە "دۆسیەکەیان بەرەو پێشەوە دەچێت".

بڕیارە مانگی داهاتوو بۆ پشتگیری لە دۆسیەکەی، ئەفریقای باشوور بەڵگەکان پێشکەش بە دادگای نەتەوە یەکگرتووەکان بکات.

سەرۆکى ئەفریقاى باشوور گوتیشى "ئێمە بەردەوام دەڵێین دەبێت کۆمەڵکوژیى رابگیرێت و ئاگربەست هەبێت، بە هەمانشێوەش دەبێت بارمتەکان بگەڕێنەوە".

لە داواکەى ئەفریقای باشووردا هەریەکە کۆڵۆمبیا، لیبیا، مەکسیک، ئیسپانیا و تورکیا بەشدارییان کردووە.