تورکیا بەنیازە چوار پەنابەری کورد رادەستی ئێران بكاتەوە

ئاڵای تورکیا لە سەربانی یەکێک لە باڵەخانەکانی ئیستانبوڵ. فۆتۆ: AP
ئاڵای تورکیا لە سەربانی یەکێک لە باڵەخانەکانی ئیستانبوڵ. فۆتۆ: AP

حکومەتی تورکیا دەیەوێت چوار پەنابەری کورد رادەستی ئێران بکاتەوە کە لە خۆپیشاندانەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی بەشدارییان کردووە و دۆسیەیان لە دادگا بۆ کراوەتەوە. پارتی دەمیش پرسەکەی گەیاندووەتە پەرلەمان.

هەریەک لە 'حسێن مینبەری، شەوگار محەمەدی رۆژنامەوان، رەشاد محەمەدى و ئەژین فەهمیدە حسێنی' لە کاتێکدا ئەو ناوانەی کەئاماژەم پێکردن بەنیازبوون خاکی تورکیا بەرەو ئەوروپا جێبهێڵن، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەوە دەستگیرکراون و بەمەبەستی دیپۆرتکردنەوەیان، رەوانەی ناوەندی رەوانەکردنەوەی کۆچبەران لە ئەدیرنە کران.

پەرلەمانتاری ئیستانبوڵی پارتی دیموکراسیی و یەکسانیی گەلان "پارتی دەم" لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو کەسانەوە لەنامەیەکدا پرسیاری ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە، تاوەکو لەلایەن عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیاوە وەڵام بدرێتەوە.

ئۆزگول ساکی، پەرلەمانتارى ئیستانبوڵى پارتى دەم، بە کەناڵ8ـی راگەیاند، دوو لە پەنابەرەکان بەهۆی بەشدارییکردنیان لە خۆپیشاندانەکان و دووانەکەی دیکەیان لەبەرئەوەی رۆژنامەوانن،و بەهۆی گواستنەوەی هەواڵی خۆپیشاندانەکانەوە، لە ئێران سکاڵا لە دژیان تۆمارکراوە.

گوتیشى "ئێمە لە رێگەی پارێزەرانی دەزگای یاسایی پارتی دەمەوە لە هەوڵداین رێگریی لە گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرانە بکەین بۆ ئێران، ئەگەرچی رێککەوتنی رادەستکردنەوەی هاوڵاتییان لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەبێت بەلام  ئەمە بە گوێرەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا تاوانێکی نێودەوڵەتییە لەبەر ئەوەی لە ئێران سزای لەسێدارەدان هەیە، ".

پەرلەمانتارەکەی پارتی دەم ئاماژەی بەوەشکرد، لەرێگەی پارێزەرەکانیانەوە، هەوڵدەدەن بە زووترین کات چاویان بە پەنابەرەکان بکەوێت و لە دۆخیان ئاگاداربن و هەروەها رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان،و پەرلەمانی ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتووەکان لە پرسەکە ئاگاداربکەنەوە.