چیی بایشی.. لە دارتاشییەوە بۆ مینیماڵیزمی هونەری چینی
چیی بایشی، یەکێک بووە لە دیارترین هونەرمەندە شێوەکارەکانی وڵاتی چین، کە تاوەکو ئێستا ستایشی کارەکانی دەکرێت و ڕۆڵی گەورەی دیوە لە چەسپاندنی شێوازی ڕۆژئاوایی لە هونەری چینییدا.
چیی بایشی، ڕێکەوتی یەکی کانوونی دووەمی 1864 لەدایکبووە، سەرەتا وەکو دارتاش دەستبەکاربووە و لە تەمەنی 27 ساڵییدا ئیلهامی هونەریی وەرگرتووە، لە خێزانێکی جوتیار و کرێکاردا گەورە بووە، کەمترین کاتی لە قوتابخانەدا بەسەربردووە و خۆی پەروەردە کردووە.

لەگەڵ تێکەڵبوونی زیاتر لە جیهانی هونەردا، بۆی دەرکەوتووە کە هونەر تەنیا ئامڕازێک نییە بۆ خەون بینین و دەتوانێت گۆڕانکاریی پێ دروستبکات، هەر ئەمەش وای کردووە دەستبەرداری پیشەکانی دیکەی ببێت و ببێت بە هونەرمەند.
لەگەڵ دەستپێکی کاروانە هونەرییەکەیدا، بەدرێژایی شار و هەرێمەکانی وڵاتی چین گەشتی کردووە و لە سایەی مامۆستا گەورە هونەرییەکاندا ئیلهامی وەرگرتووە و فێری تەکنیکەکان بووە.

لە ئاستی ناوەڕۆکدا، کاری لەسەر چەندین پرسی جیاواز کردووە، وێنەی ڕوەک و ئاژەڵی کێشاوەتەوە، هاوشانی گۆرانیبێژەکانی ئۆپێرا و کەسایەتییە سیاسییەکان، کە تێکڕا هونەرەکەیان بە کارێکی سەرنجڕاکێش دیوە و کۆکراوەیان لێ دروستکردووە.

یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندیی کارە هونەرییەکانی بایشی، بەکارهێنانی شێوازی ڕۆژئاواییە لە سنووری هونەری چینییدا، لەبری سەرنج خستنە سەر هونەری ڕەسەن و گوزارشتکردن لە تەکنیکە چینییەکان، هەوڵی داوە نەریتە نێودەوڵەتییەکانیش تێکەڵ بە کارەکەی بکات و ئەمەش هەوێنی بەناوبانگبوونی بووە.

بایشی ڕێکەوتی 16ی ئەیلوولی 1957، لە تەمەنی 93 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە، لەماوەی ژیانی هونەریی خۆیدا، 91 تابلۆی هونەریی کێشاوە و تاوەکو ئێستا زۆرینەیان پارێزراون.
1 کاتژمێر پێش ئێستا