فەڕەنسا یاسایەکی نوێ لە دژی خاوەنی تێلیگرام بەکاردەهێنێت

داواکارانی گشتی فەڕەنسا، یاسایەکی نوێ و بەکارنەهێنراو بەناوی لۆپمی لە دژی سەرۆکی تێلیگرام پاڤێڵ دورۆڤ بەکاردەهێنن، ئەمەش دوای تۆمەتبارکردنی دورۆڤ بە رێگاخۆشکردن و ئاسانکاریکردن بۆ مامەڵەی نایاسایی باندە تاوانکارییەکان لەسەر پلاتفۆڕمەکەی.

یاسا نوێیەکە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2023 دەستیپێکدووە و تاوەکو ئێستا بەکارنەهێندراوە، رێگە بە دەسەڵاتی دادوەریی فەڕەنسا دەدات لێپرسینەوەی راستەوخۆ لەگەڵ سەرۆکی کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان بکات، ئەگەر پلاتفۆڕمەکانیان لەلایەن خەڵکەوە بۆ چالاکییە نایاساییەکان بەکاربهێندرێت، فەڕەنسا دەیەوێت لەرێگای یاساکەوە بەشێوەیەکی تووند بەرەنگاری تاوانە ئەلیکترۆنییەکان ببێتەوە.

لە بەرامبەردا کۆمپانیای تێلێگرام پێداگری دەکات کە یاساکانی یەکێتی ئەوروپا پەیڕەو دەکات و دەڵێت ناعەقڵانییە خاوەنی پلاتفۆرمەکە تاوانبار بکرێت بەهۆی خراپ بەکارهێنانی پلاتفۆڕمەکەی لەلایەن کەسانی دیکەوە.

لە ئێستادا دورۆڤ لە ژێر لێکۆڵینەوەی فەرمیدایە بەهۆی ئەوەی گوایە یارمەتی گروپێکی رێکخراوی داوە لە رێگەی تێلێگرامەوە چالاکیی نایاسایی ئەنجام بدەن. ئەگەر دادگا تاوانباری بکات، ئەوا دەکرێت تاوەکو 10 ساڵ زیندانیی بکرێت و سزایەکی دارایی زۆریش بدرێت.