وەزارەتی دارایی عێراق: پابەندین بە خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران لەکاتی خۆیدا

دینارى عێراقى. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8
دینارى عێراقى. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

وەزارەتی دارایی عێراق رەتیدەکاتەوە کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە دروستببێت و دەڵێت: پابەندین بە خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران لەکاتی خۆیدا.

وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو لێدوانانەی بەناوى تەیف سامی، وەزیرى داراییەوە بڵاوکراونەتەوە کە کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە دروستدەبێت و وەزارەتى دارایی عێراق ناتوانێت موچەى مانگەکانى داهاتوو بدات، بەتەواوەتى دوورن لە راستییەوە و وەزیرى دارایی هیچ لێدوانێکى لەوبارەیەوە نییە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزارەتەکە پابەندە بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان، چاودێری کۆمەڵایەتی و هێزە ئەمنییەکان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا.

وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی کارەبا کراوە بۆئەوەی بە زووترین کات مووچە دابەشبکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا کرێی کارەبا داهاتێکە کە پێویستە لەلایەن وەزارەتی کارەباوە کۆبکرێتەوە، بۆئەوەی وەک داهات بۆ گەنجینەی گشتیی دەوڵەت تۆماربکرێت بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی وەزارەتی کارەبا.