ئینستاگرام هەژماری تایبەت بە هەرزەکاران دروستدەکات و کۆنترۆڵی زیاتر دەدات بە دایک و باوکان
تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام گۆڕانکاری گەورەی لە پلاتفۆڕمەکەیدا ئەنجامدا، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی سەلامەتی بەکارهێنەرە هەرزەکارەکانی و پێدانی کۆنترۆڵی زیاتر بە دایک و باوکان.
هەژماری هەرزەکاران، بەشێکی نوێدەبێت و بۆ تۆڕی ئینستاگرام زیاددەکرێت، هەژمارەکە چەند تایبەتمەندییەک لەخۆدەگرێت وەک سنووردارکردنی بەرکەوتن بە ناوەڕۆکی هەستیار، ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کە توندوتیژی یاخود پۆڕنۆگرافی لەخۆدەگرن هەژمارەکە ناتوانێت بیانبینێت، لەگەڵ ئەوەشدا بێدەنگکردنی ئاگادارکردنەوەکان لە شەودا؛ هەرزەکاران کاتێک نامەیەک یان لایکێکیان بۆدێت لە شەودا، ئینستاگرام ئاگادارکردنەوەکە نیشاننادات، هەروەها هەژمارەکان بەشێوەیەکی پێشوەختە پرایڤت دەبن، واتا دەبێت فۆڵۆویان بۆبنێردرێت و ئەوانیش پەسەندی بکەن و ناوەڕۆکەکانیان بۆ ئەوانەی فۆڵۆوەر نین دیارنابێت، گۆڕینی هەموو ئەم رێکخستنانەش پێویستی بە رەزامەندی دایک و باوک دەبێت.
ئەو دایک و باوکانەی هەڵیدەبژێرن چاودێری ئەکاونتی منداڵەکەیان بکەن، دەتوانن بزانن منداڵەکەیان پەیام بۆ کێ دەنێرێت و لەگەڵ کێ قسەدەکات بەڵام خوودی پەیامەکان نابینێت. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئینستاگرام ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنێت بۆ چاودێریکردنی کەسانی خوار تەمەن 18 ساڵ یاخوود منداڵان لە ئەگەری بەکارهێنانی ئەکاونتی گەورەساڵان، ئەگەر دەرکەوت کەسەکە هەرزەکارە و تەمەنی خۆی گەورەکردووە، ئینستاگرام ئەکاونتەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی هەرزەکاران.
ئەم گۆڕانکارییانە بەشێکە لە هەوڵە بەرفراوانەکانی کۆمپانیاکانی سۆشیال میدیا بۆ پابەندبوونیان بە رێساکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی سەلامەتی ئۆنلاین، ئەمەش دوای ئەوەی کە نیگەرانییەکان سەبارەت بە سەلامەتی هەرزەکاران لە ئۆنلایندا پەرەی سەندووە. رەخنەگران، لەنێویاندا ڕێکخراوەکانی سەلامەتی منداڵان دەڵێن لە کاتێکدا ئەم هەنگاوانە ئەرێنین، بەڵام رێوشوێنی چالاکتر لەلایەن کۆمپانیاکانی سۆشیال میدیاوە پێویستە بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی ناوەڕۆکی زیانبەخش بە منداڵان.

20/09/2024