کۆمپانیای ستارلینک ئینتەرنێتی بۆ یەمەن دابینکرد

کۆمپانیای ستارلینک، کە لەلایەن ئیلۆن مەسک ملیاردێری ئەمریکییەوە خاوەندارێتی دەکرێت رایگەیاند، خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی ئاسمانی بۆ یەمەن دابینکردووە، ئەو هەنگاوە ناڕەزایی حوسییەکانی لێکەوتەوە.

کۆمپانیای ستارلینک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی ئاسمانی بۆ یەمەن دەستەبەرکردوە. بە گوێرەی نەخشەی خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکە، یەمەن یەکەم وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە ئینتەرنێتی ستارلینکی بۆ دابینکراوە.

حکومەتی یەمەن کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانپێدانراوەو لەشەشی ئابدا رەزامەندی خۆی بۆ هاتنە ناوەوەی ستارلینک بۆ وڵاتەکەی راگەیاندبوو، پێشوازی لە دەستپێکردنی خزمەتگوزارییەکە کرد.

بەگوێرەى ئاژانسى هەواڵی فەرمی "سەبەء"، خزمەتگوزاریەکە لەڕێگەی دابەشکارانی ناوخۆوە دەبێت کە خزمەتگوزاریی فرۆشتن و پاڵپشتی تەکنیکی بەهاوڵاتییان بەنرخێکی گونجاو پێشکەش دەکەن. ئەم هەنگاوە لە هەوڵێکدایە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە یەمەن کە دوای چەندین ساڵ لە شەڕی بەردەوام بەدەست تێکچوونی ژێرخانەوە دەناڵێنێت.

لەبەرامبەردا ئەم هەنگاوە حوسییەکانی تووڕە کرد، کە کۆنترۆڵی باکووری وڵاتەکەیان لە نێویاندا سەنعای پایتەخت لە دەستدایە. محەمەد بەخیتى، گوتەبێژی نووسینگەی سیاسی حوسییەکان لە تۆڕى ئێکس رەخنەى لەم پێشهاتە گرت و بە "بەشێک لە شەڕی دژ بە یەمەن بە سەرکردایەتی ئەمریکا" ناویبرد.

ستارلیک خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتە، لە رێگەی مانگی دەستکردنی سبایس ئێکسەوە دابیندەکرێت، بە تایبەت بۆ ئەو شوێنانەی جیهان، کە ناتوانرێت وەک پێویست خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی گونجاوی بۆ دابینبکرێت.

_

_