نرخی زێڕ بەرزبوونەوەیەکی مێژوویی تۆمارکرد

قاڵبێکی زیڕ
قاڵبێکی زیڕ

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان بەرزبوونەوەی بەرچاو و مێژوویی تۆمارکرد و نرخی یەک ئۆنسەی گەیشتە دوو هەزار و 622 دۆلار.

درەنگانی شەوی رابردوو لەدوای داخستنی بۆرسەی جیهانی، نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوو، بەشێوەیەک یەک ئۆنسەی بووە دوو هەزار و 622 دۆلار.

هاوکات نرخی زیویش بەرزبوونەوەی تۆمارکرد و یەک ئۆنسەی 31 دۆلاری تێپەڕاند.

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو بانکی فیدراڵیی ئەمریکا سوودی بانکیی لە 5.50٪ بۆ 5٪ دابەزاند، هەرچەندە لە سەرەتای بڕیارەکەوە نرخی زێڕ کەمێک دابەزی، بەڵام بەگوێرەی پێشبینییەکان بڕیارەکەی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا نرخی زێڕ و نەوت لە جیهاندا بەرزدەکاتەوە.

شارەزایانى بازاڕى کانزا زەردەکە، پێشبینى دەکەن تاوەکو کۆتایى ئەمساڵ یەک ئۆنسە زێڕ بەردەوامبێت لە بەرزبوونەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024 بانکە ناوەندییەکانى وڵاتانى جیهان 483 تۆن زێڕیان کڕیوە، تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەى کە نزیکەى 44 تۆن زێڕى کڕیوە.