ڕەمزی قەزاز و یەکەم سینەمای سلێمانی
ڕەمزی محێدین قەزاز، ناسراو بە ڕەمزی قەزاز، ساڵی 1917 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، یەکێک بووە لە دیارترین ئەو کەسایەتییانەی پاڵنەر بووە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی و برەودان بە هونەر.
ڕەمزی قەزاز وەکو مامۆستا کاری کردووە، گرنگیی بە جیهانی منداڵان داوە لە بواری نووسین و ڕۆشنبیرییدا، هاوکات، لەگەڵ کەسایەتییەکانی وەکو عەبدوڵڵا گۆران و ڕەفیق چالاک، ڕووی لە فەڵەستین کردووە بەمەبەستی بەڕێوەبردنی ڕادیۆی کوردیی شاری یافا.
ساڵی 1942، هاوشانی عومەر قەزازی برای، بیریان لە برەودان و بەرەوپێشبردنی هونەر کردووەتەوە لە شاری سلێمانی، بەم مەبەستەش، یەکەم ئامێری پیشاندانی فیلمی سینەماییان هێناوە بۆ شارەکە و سینەمای "سەڵاحەددین"یان دامەزراندووە، یەکەم فیلمیش کە نمایشیان کردووە، فیلمی ئەمریکی "گەڕانەوەی فرانک جەیمس" بووە لە دەرهێنانی فریتز لانگ.
هاوتای برەودان بە سینەمای شاری سلێمانی، کاری لەسەر نووسینی چەندین کتێبی مێژوویی و چیرۆکی منداڵان کردووە، لەوانە:
- داستانی دوو پاڵەوانەکە
- فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە
- گۆڕنەتەڵە
- ڕاستی و ئازایی
ڕەمزی قەزاز، ئەیلوولی 1973، لە تەمەنی 56 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا