شۆستاکۆڤیچ مامۆستای موزیکی ڕووسی

حەسەن فەلاح 3 کاتژمێر پێش ئێستا

دمیتری شۆستاکۆڤیچ، یەکێکە لە دیارترین موزیکدانەرانی ڕووسیا و جیهان، لە سەدەی بیستەمدا ناوبانگێکی زۆری هەبووە.


شۆستاکۆڤیچ لەماوەی ژیانی هونەریی خۆیدا لە چەندین بواری جیاوازی موزیکییدا کاری کردووە، لەوانە: سیمفۆنیا، کۆنچێرتی، موزیکی چامبەر، ئۆپێرا، بالێ و موزیکی فیلم.


شۆستاکۆڤیچ ڕێکەوتی 25ی ئەیلوولی 1906 لەدایکبووە، سەر بە نەوەیەکی موزیکیی رووسیا بووە کە بە نەوە مەزنەکە ناسراوە، ئەمەش لەکاتێکدا بووە، لە سایەی دەسەڵات و حوکمڕانیی سۆڤیەتییەکاندا دووچاری ڕەخنە و بەربەست بووەتەوە، ساڵی 1934 بە فەرمانی جۆزێف ستالین، ڕەخنەیەکی زۆر ئاڕاستەی سیمفۆنیای ژمارە چواری کراوە و بەهۆیەوە ڕەتکراوەتەوە، پاشان ساڵی 1953 پاش مردنی ستالین، ناوبانگی بەدەستهێناوەتەوە و بووە بە یەکێک لە دیارترین موزیکدانەرەکان.


سیمفۆنیای ژمارە یەک، ئەو سیمفۆنیایەیە کە شۆستاکۆڤیچ بڕوانامەی پێ وەرگرتووە لە موزیکدا، لە تەمەنی 19 ساڵیدا دایناوە، هاوکات سیمفۆنیای ژمارە حەوت، لەمیانی ئابڵۆقە سەختەکەی نازییەکاندا لە قۆناغی جەنگی جیهانیی دووەمدا، پێشکەشکراوە و یەکێک بووە لە دیارترین ئەو موزیکانەی پاڵنەر بووە بۆ بەرزکردنەوەی ورەی ڕووسەکان.


لەماوەی ژیانی هونەریی خۆیدا، چەندین کاری ناوازە و دیاری بۆ جیهانی موزیک داناوە، لەوانە: 15 سیمفۆنیا و شەش کۆنچێرتی.

شۆستاکۆڤیچ، ڕێکەوتی نۆی ئابی 1975 لە تەمەنی 68 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.

حەسەن فەلاح

3 کاتژمێر پێش ئێستا