بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستیپێكرد

کەناڵ8 24/09/2024
دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن لە شاری سلێمانی. فۆتۆ: حەمە سوور - كەنال8
دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن لە شاری سلێمانی. فۆتۆ: حەمە سوور - كەنال8

كاتژمێر 12:00ـی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەستیپێكرد.

بەگوێرەی مەرسوومی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، رۆژی 20ـی 10ـی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت، بەبڕیاری كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقیش بانگەشەی هەڵبژاردن لە 25ـی 9ـی 2024 تاوەكو 15ـی 10ـی 2024 بەردەوام دەبێت و بەو پێیەش بانگەشە 20 رۆژ دەخایەنێت.

کۆى بەربژێرە پەسەندکراوەکانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان هەزار و 191 بەربژێرن و کێبڕکێ بۆ 100 کورسى پەرلەمان دەکەن، بەنزیکەى هەر 12 بەربژێرێک کێبڕکێ بۆ یەک کورسى پەرلەمان دەکەن.

پاش بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى لە 21ـی شوباتى 2024، هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان چەند تایبەتمەندییەکى وەرگرتووە.

کورسییەکان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسى کەمکراونەتەوە، کورسى پێکهاتەکان لە 11 بووە بە پێنج کورسى و خراونەتە چوارچێوەى 100 کورسییەکەوە و بەسەر پارێزگاکانیشدا دابەشکراون.

لە هەولێر دوو کورسى، یەکێکیان بۆ پێکهاتەى کریستیان و ئەوى دیکەیان بۆ تورکمان، لە سلێمانى دوو کورسى یەکێک بۆ کریستیان و یەکێکیش بۆ تورکمان، لە دهۆکیش یەک کورسى بۆ پێکهاتەى ئەرمەن دیاریکراوە.

هەر بەبڕیارى دادگاى فیدراڵى هەرێمی کوردستان لە یەک بازنەوە کرایە چوار بازنە، بازنەی سلێمانى 38 کورسی، هەولێر 34 کورسی، دهۆک 25 و هەڵەبجە سێ کورسی.

کەناڵ8

24/09/2024