ئەو خانمانەی زووتر تووشی لێچوونەوە دەبن مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییە دژەخۆییەکان زیاترە
لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە، ئەو خانمانەی لە خوار تەمەنی 40 ساڵییەوە تووشی لێچوونەوە دەبن، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییە دژەخۆییەکان دوو بۆ سێ هێندە زیاترە بەراورد بە خانمانی ئاسایی.
لەو نەخۆشییانەش نەخۆشیی شەکرەی جۆری یەک، غوددەی چالاک، گورگەسوورە و برینی درێژخایەنی ریخۆڵە.
توێژینەوەکە بە گەورەترین توێژینەوە دادەنرێت کە لە پەیوەندیی نێوان نەخۆشییە دژەخۆییەکان و لێچوونەوەی پێشوەختەی کۆڵیوەتەوە و لە هیومەن پڕۆدەکشندا بڵاوکراوەتەوە.
توێژەران بۆماوەی 12 ساڵ چاودێریی تەندروستیی نزیکەی 20 هەزار خانمیان کرد، لەو ژمارەیەشدا نزیکەی 4 هەزار خانمیان لەپێش تەمەنی 40 ساڵییەوە تووشی لێچوونەوە بوون.
دەرکەوت کە %12.7ـی ئەو خانمانەی پێشوەختە تووشی لێچوونەوە بوون، لانیکەم تووشی یەک نەخۆشیی دژەخۆیی بوون.
بە گشتی ئەنجامەکان ئەوەیان دەرخست کە ئەو خانمانەی لەپێش تەمەنی 40 ساڵییەوە تووشی لێچوونەوە دەبن، 2.6 هێندەی خانمانی ئاسایی مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییە دژەخۆییەکان زیاترە. مەترسییەکان لە نەخۆشییەکەوە بۆ نەخۆشییەکی دیکە جیاوازبوون، بەجۆرێک ئەم خانمانە دوو هێندەی خانمانی ئاسایی مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی غوددەی چالاک و رۆماتیزم زیاترە، بەڵام مەترسییان بۆ نەخۆشییە دژەخۆییەکانی کوێرەڕژێنەکان 26 هێندە زیاترە.
توێژەران پێیان وایە ئەم مەترسییە بۆ تووشبوون بەم نەخۆشییە دژەخۆییانە لەم خانمانەدا دەکرێت زۆر زیاتربێت لەوەی کە ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە بۆی دەرخستووین.
گرنگە بزانرێت کە زۆرینەی ئەو خانمانەی پێشوەختە تووشی لێچوونەوە دەبن، تووشی نەخۆشییە دژەخۆییە سەختەکان نابن و ئەو خانمانەشی کە نەخۆشییە دژەخۆییەکانیان هەیە مەرج نییە پێشوەختە تووشی لێچوونەوەبن.
28/09/2024