وەک ماتەمینی بۆ کوژرانی حەسەن نەسڕوڵا لە پێنج پارێزگای عێراق پشووی فەرمی راگەیەندرا
دوای ئەوەی بە بۆنەی کوژرانی حەسەن نەسڕوڵا لە تەواوی عێراق ماتەمینی راگەیەندرا، پارێزگاکانی نەجەف، کەربەلا، میسان، بابل و دیوانیە بەو بۆنەیەوە رۆژی یەکشەممەیان کردە پشووی فەرمی.
ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "وەک ماتەمینی بۆ شەهیدبوونی حەسەن نەسڕوڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵا، رۆژی یەکشەممە لە دامودەزگا حکومییەکان دەبێتە پشووی فەرمی."
لای خۆیەوە، عەدنان فەیحان، پارێزگاری بابل رایگەیاند، بە پشتبەستن بە بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای بابل، بڕیادراوە رۆژی یەکشەممە ببێتە پشووی فەرمی بۆ دەوامی دامەزراوە و بەرێوەبەرایەتییە حکومییەکانی پارێزگاکە.
هەر بەو بۆنەیەوە، قاسم یەساری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەربەلا گوتویەتی، "بەبۆنەی ئەو کارەساتەی رووی لە جیهانی ئیسلامی کردووە، رۆژی یەکشەممە پشووی فەرمی دەبێت."
جگەلەوەش، هەریەکە لە پارێزگاکانی میسان و دیوانیە، بڕیاریان داوە بەبۆنەی کوژرانی حەسەن نەسڕوڵاوە رۆژی یەکشەممە لە دام و دەزگا حکومییەکانی هەردوو پارێزگاکە پشووی فەرمی بێت.
28/09/2024