یەکێتى یەکەم کەمپەینى بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەنجامدا
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە یەکەم کەمپەینى بانگەشەى هەڵبژاردنى یەکێتى نیشتمانى کوردستان لە سلێمانى رایگەیاند، لەم هەڵبژاردنەدا ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە دەڕووخێنن، دووپاتیشکردەوە، هەرگیز یەکێتی بەقەد ئەمڕۆ بەهێز نەبووە.
بە ئامادەبوونى جەماوەرێکى زۆر، لە یاریگاى سلێمانى، یەکێتى نیشتمانیی کوردستان، یەکەم کەمپەینى بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەنجامدا.
بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا بۆ لایەنگرانى حیزبەکەى گوتی، بەپشتیوانیی خوای گەورە ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە دەڕووخێنین.
گوتیشى، هەرگیز یەکێتی بەقەد ئەمڕۆ بەهێز نەبووە و ئەو ڤایرۆسەى پێشتر لە ناو حیزبەکەیدا بوو ئێستا تووشى نەیارەکەیان بووە شەڕى ئامۆزاکانى هەیە.
سەبارەت بە یاساى هەڵبژاردن، سەرۆکى یەکێتى رایگەیاند، یاساى پێشووى هەڵبژاردن کراسێک بوو بۆ بەرى بنەماڵەیەک دوورابوو، ئەوان توانییویانە بیگۆڕن.
29/09/2024