بۆچی لە پاییز و زستاندا کێشمان زیاددەکات؟ پسپۆڕێک وەڵامدەداتەوە
لە هەردوو وەرزی پاییز و زستاندا، بەهۆی درێژیی شەو و ساردیی وەرزەکانەوە، هاونیشتمانییان لە ئێواراندا ژەمێکی قورس دەخۆن و پاشان پێش خەوتنیش لەوانەیە میوە، چەرەس یان شیرینی دەخورێت و هەندێجاریش هەموویان پێکەوە بخۆن، ئەمەش هۆکارە بۆ زیادبوونی کێشی جەستە لەم وەرزانەدا.
بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەسەر بابەتەکە، کەناڵ8 میوانداریی د. کامەران رەسووڵ ژاژڵەیی کرد کە پزیشكێکی پسپۆڕی خۆراکە. د. کامەران ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە زۆرترین زیادبوونی کێش لە وەرزە ساردەکاندا روودەدەن و هۆکاری ئەمەشی بۆ چەند هۆکارێکیش گەڕاندەوە؛ "ئەنجامدانی رێجیم ئەستەمە چونکە لە وەرزە ساردەکاندا تاموچێژی خواردن زیاترە، لە لایەکی دیکەوە لە هاویندا بەهۆی ئەوەی ئاو زیاتر دەخۆینەوە، کەمتر دەخۆین، بەو پێیەی خواردنەوەی دوو پەرداخ ئاو پێش هەموو ژەمێک وادەکات 20%ـی خواردنەکەت پێ نەخورێت".
ئەگەر لە پێش ژەمەکان دوو پەرداخ ئاو بخۆیتەوە، کەمتر خواردنت پێدەخورێت
د. کامەران رەسووڵ ژاژڵەیی، پزیشکی پسپۆڕی خۆراک
وەکو پسپۆڕەکە ئاماژەی پێدا، یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکانی پاراستنی کێشی جەستە و رێگریکردن لە قەڵەوبوون لە وەرزە ساردەکاندا، خەوی تەندروستە. د. کامەران گوتی بۆ ئەوەی کات نەگاتە ئەوەی هەست بە برسییەتییەکی زۆر بکەین پێویستە شەوان زوو بخەوین و بەیانییان زوو هەستین، ئەمە بۆ رێگریکردن لە چەند نەخۆشییەکی دیکە و راگرتنی هاوسەنگیی هۆرمۆنەکان گرنگە.
لە زستان و هاویندا ژەمەکانمان چییان تێدابێت؟
سەبارەت بە پێکهاتەی ژەمەکان، پسپۆرەکەی خۆراک ئاماژەی بەوە دا، بۆ ئەوەی لە شەواندا کەمتر هەست بە برسییەتی بکەین، دەبێت واز لە خواردنی کاربۆهیدراتە سادەکان بهێنین و ژەمەکانمان بڕێکی زیاتریان لە پرۆتین و بە رێژەیەکی کەمیش چەوری تێدابێت، ئەمەش لەبەرئەوەی پرۆتین و چەوری درەنگتر هەرسدەکرێن. کاربۆهیدراتە سادەکان لە برنج و شلەدا هەن کە خوانی بەشێکی سەرەکیی هاونیشتمانییانە، د. کامەران دەڵێت باشترە ئەم جۆرە خۆراکانە بخرێنە ژەمی نیوەڕۆوە و بە ئێواراندا نەخورێن.
د. کامەران باسی لە رێگەیەکی دیکە بۆ کەمخۆری و کێشدابەزاندن کرد، ئەویش خواردنی زەڵاتەیە؛ "خواردنی زەڵاتە پێش ژەمەکان وادەکات کەسەکە کەمتر بخوات و زووتر هەست بە تێری بکات، لە هەمانکاتدا بڕێکی باش لە ریشاڵ و ڤیتامینەکانی تێدایە".
لە درێژەی قسەکانیدا د. کامەران ژاژڵەیی باسی لە هەندێک دیاردەی زۆربوونی قەڵەوی و هۆکارەکانی کرد و گوتی "لە پانزە ساڵی رابردوودا ئامادەکردنی خۆراک گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەسەر هاتووە بە لایەنی خراپ، دیلیڤەری و ڤیدیۆی خواردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وادەکات خواردن هەموو کاتێک و لە هەموو شوێنێکدا بەردەستبێت و بە تەلەفۆنێک بۆت بیتە ماڵەوە".
وەرزی زۆربوونی پەتا وەرزییەکانە، چۆن لەڕێگەی خۆراکەوە سیستمی بەرگریمان بەهێزبکەین؟
لە وەرزی پاییز و زستاندا حاڵەتەکانی پەتا و هەڵامەت زیاددەکەن، بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگری، د. کامەران ژاژڵەیی پێشنیازی هەندێک رەگەزی خۆراکیی گرنگی کرد؛ "پێویستە گرنگی بە خواردنەوەی ئاو و شلەمەنییەکان بدرێت و ڤیتامینەکان لە سەوزە و میوەکانەوە وەربگیرێن، باشترە میوە و سەوزە رەنگزەردەکان (وەکو مۆز، سێوی زەرد، بیبەری زەرد و بەهێ) و رەنگپرتەقاڵییەکان (وەکو گێزەر، پرتەقاڵ و لالەنگی) گرنگیپێبدرێت، ئاسنیش یەکێکە لەو پێکهاتە خۆراکییانەی کە کاریگەریی لەسەر سیستمی بەرگری هەیە و کەمخوێنی هۆکارێکە بۆ لاوازبوونی بەرگریی جەستە، لای خۆمان هەر هاوین تەواوبوو ئاو ناخورێتەوە، بەڵام هەڵەیە و دەبێت گرنگییەکی زۆر بەخواردنەوەی ئاو بدرێت، هەرچەندە لە زستاندا بڕێکی کەمترمان پێویستە، باشترە خواردنەوەی ئاو لەنێوان ژەمەکاندا بێت".
برنج و شلە لە کاربۆهیدراتی سادە پێکدێن و وادەکەن زوو برسیت ببێتەوە
د. کامەران رەسووڵ ژاژڵەیی، پزیشکی پسپۆڕی خۆراک
منداڵان لە قوتابخانەکان چی بخۆن؟
سەبارەت بە خواردنی منداڵان، پسپۆرەکە بابەتەکەی کرد بە دوو بەشەوە، بەشێکیان ئەو منداڵانەی کە لە خوێندنگە حکومییەکانن، کە کاتی دەوامیان کەمە، د. کامەران گوتی زۆرجار ئەم منداڵانە تەنیا سووکەژەمێک لە قوتابخانە دەخۆن، باشترە فێربکرێن کە خواردنەوەی گازی و وزەبەخشەکان نەخۆن و گرنگیی زیاتر بە خواردنی ماڵەوە بدەن. بۆ ئەو منداڵانەش کە لە خوێندنگە تایبەتەکانن و کاتی دەوامیان زیاترە، دەبێت لە خوێندنگەکان خۆراکی تەندروستیان پێ بدرێت یان لە ماڵەوە خواردن ببەن، گرنگە لە خواردنی پاستا و شیرینییەکان بەدووربن چونکە ئەم خواردنانە هۆکاری دواکەوتنی گەشەن.
30/09/2024