بە لابردنی ئەم خۆراکانە مەترسیی تووشبوونت بە شەکرە کەمبکەرەوە

خواردنەوە گازییەکان یەکێکە لە مەترسیدارترین خۆراکە دەستکاریکراوەکان
خواردنەوە گازییەکان یەکێکە لە مەترسیدارترین خۆراکە دەستکاریکراوەکان

وەکو توێژینەوە پزیشکییەکان پێمان دەڵێن، شێوازی ژیان و خۆراک رۆڵێکی سەرەکییان لە تووشبوونی کەسێک بە شەکرەی جۆری دوو هەیە، هەروەها کەمکردنەوەی خۆراکە ناتەندروستەکان و بەتایبەتیش خۆراکە دەستکاریکراوەکان مەترسیی تووشبوون بە شەکرەی جۆری دوو کەمدەکەنەوە.

ئێستا لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە، زیادکردنی خواردنی خۆراکە دەستکاریکراوەکان بەڕێژەی 10%، مەترسیی تووشبوون بە شەکرەی جۆری دووی کەسێک بەڕێژەی 17% زیاددەکات، رێژەی تووشبوونەکەش بۆ هەندێک جۆری خۆراک زیاتر بوون.

توێژینەوەکە لە گۆڤاری زانستیی لانسێتدا بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن زانکۆی کامبریج و کۆلێجی شاهانەی لەندەنەوە ئەنجامدراوە، تێیدا پەیوەندیی نێوان خۆراکە دەستکاریکراوەکان و تووشبوون بە شەکرەی جۆری دوو هەڵسەنگێنراوە، هەروەها گرنگیش بە جۆریەتیی خۆراکە دەستکاریکراوەکان دراوە.

خۆراکە دەستکاریکراوەکان، ئەو خۆراکانەن کە شێوازی سروشتیی خۆیان دەستکاریکراوە، ئەوەش لەرێگەی زیادکردنی ماددە پارێزەرەکان، تام، خوێ یان شەکر بۆ ناو خۆراکەکان. باوترین خۆراکە ئامادەکراوەکان ئەمانەن:

  • خواردنە خێراکان
  • هۆت دۆگ و جۆرەکانی دیکەی گۆشت کە دەستکاریکراوون
  • چپس
  • نوقڵ و شیرینییەکان
  • ئایس کرێم
  • خواردنەوە گازییەکان

لە توێژینەوەکەدا پسپۆڕان بۆیان دەرکەوت ئەم خۆراکانە مەترسیدارترین بوون بۆ تووشبوون بە شەکرەی جۆری دوو: گۆشتە دەستکاریکراوەکان، ژەمە ئامادەکراوەکان، خواردنەوە گازی و شیرینکراوەکان. پسپۆڕان دەڵێن بە کەمکردنەوە و لابردنی ئەم خواردنانە لە ژەمەکاندا دەکرێت مەترسیی تووشبوون بە شەکرە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبکرێتەوە