چۆن خانمان دەتوانن خودپشکنین بکەن؟

گران جاف 02/10/2024

خودپشکنینی مەمک بریتییە لەو پشکنینەی کە خانمان خۆیان دەتوانن بۆ خۆیانی بکەن و لە ئەگەری هەبوونی هەر گرفتێکدا دەکرێت خۆیان هەستی پێبکەن، بەم شێوازە لە قۆناغێکی سەرەتاییدا دەتوانن سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن و نەخۆشییەکە دەستنیشانبکەن بۆئەوەی بە ئاسانترین شێواز چارەسەری شێرپەنجەکە بکرێت و ژیانی کەسە تووشبووەکە رزگاربکرێت.

بە گوێرەی کۆمەڵەی شێرپەنجە لە ئەمریکا، پێویستە خانمان لە تەمەنی 20 ساڵییەوە دەستبکەن بە خودپشکنین و هەموو مانگێک بۆ خۆیانی بکەن.

گرنگە بزانرێت کە خودپشکنین جۆرە پشکنینێکی یارمەتیدەرە کە وادەکات چارەخواز زووتر سەردانی پزیشک بکات و لە هەبوونی گرفتدا ئاگاداربێت، ناکرێت ئەم پشکنینە وەکو پشکنینێکی یەکلاکەرەوە و جێگرەوەی پشکنینە تاقیگەیی و زانستییەکانی دیکە لێیبڕوانرێت.

لە چ کاتێکدا پێویستە بکرێت؟

پاش سووڕی مانگانە: چونکە پاش سووڕی مانگانە مەمک ئاوسانەکانی کەمتردەبێتەوە و کەمتر هەستیارە

ئەگەر کەسێک سووڕی مانگانەی نەبوو بە هەر هۆکارێک: پێویستە رۆژێک دەستنیشانبکات لە مانگەکەدا و هەموو مانگێ لەو رۆژەدا خودپشکنین بکات.

چۆنێتی کردنی خودپشکنین:

بینین:

  • سەرەتا پێویستە خانمەکە لە بەرامبەر ئاوێنەیەک رابوەستێت و دەستەکانی بەرزبکاتەوە
  • پێویستە سەرنجی هەر گۆڕانکارییەک لە قەبارە، شێواز و رەنگی مەمکدا هەیە بیدات
  • گرنگە سەرنجی چاڵبوون و سووربوونەوەی مەمکی بدات

دەستلێدان:

  • پێویستە خانمەکە لەسەر پشت پاڵبکەوێت و سەرینێک بخاتە ژێر شانیەوە
  • بە بەکارهێنانی سەری پەنجەکانی دەتوانێت پشکنینی مەمکی بکات بە شێوازێکی بازنەیی
  • سەرەتا پێویستە لە دەوروبەری مەمکەوە دەستپێبکات و وردە وردە بە پەنجەکانی بەرەو گۆی مەمکی بچێت
  • پێویستە بەم شێوازە بەدوای هەر ئەستووربوونێک یان گرێیەک بگەڕێت
  • پێویستە لەکاتی پشکنینەکەدا پەستانی کەم، مامناوەند و توندیش بەکاربهێنێت

لەکاتی خۆشتندا:

  • بە دەستی کەف و تەڕەوە دەکرێت پشکنین بۆ مەمک بکرێت و باشتر کەسەکە هەست بە هەبوونی هەر پێکهاتەیەکی نائاسایی بکات لە مەمکیدا

پێویستە بەدوای چیدا بگەڕێیت؟

  • گرێ
  • گۆڕانکاری لە شێواز و قەبارەی مەمکدا
  • چوونەناوەوەی پێستی مەمک
  • سوربوونەوە و ئاوسانی مەمک و گۆی مەمک
  • هەبوونی دەردراوی نائاسایی گۆی مەمک
گران جاف

02/10/2024