راپۆرتى رێکخراوێکى ژنان: لە تورکیا رۆژانە زیاتر لە ژنێک دەکوژرێت

هاوڵاتیان لەسەر پردی گالاتا لە ئیستانبوڵ. فۆتۆ: AP
هاوڵاتیان لەسەر پردی گالاتا لە ئیستانبوڵ. فۆتۆ: AP

بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوێکی ژنان، لە مانگی رابردوودا لە باکووری کوردستان و تورکیا 34 ژن لەلایەن کەسوکار و کەسانی ناسراویانەوە کوژراون.

"پلاتفۆرمی کوشتنی ژنان رادەگرین"، راپۆرتێکى بڵاوکردوەتەوە و ئاماژەى بەوەکردووە، مانگی رابردوو 34 ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون و 20 ژنی دیکەش بە هۆکاری گوماناوی گیانیانلەدەستداوە، کە گومان دەکرێت بەشێکیان لەلایەن پیاوانەوە کوژرابن.

مانگی ئاب 33 ژن و مانگی تەمموز 23 ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژرابوون.

بەو جۆرەش لە ماوەی نۆ مانگی ئەمساڵدا، 295 ژن لە باکووری کوردستان و تورکیا لەلایەن پیاوانەوە کوژراون و 184 ژنی دیکەش بە هۆکاری گوماناویی گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی ئامارەکە، لەو 34 ژنەی مانگی رابردوو کوژراون، هۆکاری کوشتنی 12یان دیارینەکراوە، نۆ ژنیان لەسەر رەتکردنەوەی هەریەک لە ئاشتبوونەوە، هاوسەرگیریی و پەیوەندی، هەروەها داوای جیابوونەوە و بڕیاری تایبەت بە ژیانیان کوژراون. هاوکات دوو ژنیان لەسەر کێشەی ئابووریی کوژراون. ژنێکیان لەسەر رق کوژراوە.

سەبارەت بەو شارانەی ژنەکانیان تێدا کوراوە راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، زۆرترین ژن لە ئیستانبوڵ کوژراون کە پێنج ژن بوون، لە شارەکانی باکووری کوردستانیش حەوت ژن کوژراون کە دووانیان لە دیاربەکر، دووانیان لە مەڵەتی، لە هەریەک لە قەرس، سەمسور و دیلۆک ژنێک کوژراون.

لەو 34 ژنەی مانگی رابردوو کوژراون، 16ـان لەلایەن هاوسەرەکانیان و چواریان لەلایەن ئەو کوڕەی پێشتر پەیوەندییان لەگەڵی هەبووە و چواریان لەگەڵ ئەو کوڕەی پەیوەندییان لەگەڵی هەبووە، دوونیان لەلایەن کوڕەکانیان و ژنێکیان لەلایەن کەسی ناسراویەوە، ژنێکیان لەلایەن خزمێکیەوە، ژنێکیان لەلایەن باوکیەوە، ژنێکیان لەلایەن هاوسەری پێشوویەوە، ژنێکیان لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە، دوو ژنیشان لەلایەن کەسانێکەوە کوژراون کە نەتوانراوە جۆری پەیوەندییەکەیان ئاشکرا بکرێت. واتە 47%ـی ژنان لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە کوژراون.

لەبارەی شێوازی کوشتنی ژنەکانیش راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لەو 34 ژنەی کوژراون، 18 یان بە چەک، 10یان بە چەقۆ، چواریان بە لێدان، دوو ژنیان بە خنکاندن کوژارون.

ناوچەکانی تورکیا لە ژمارەی کوشتنی ژنان جیاوازن، لە ماوەی نۆ مانگی رابردوودا لە شاری دەرسیمی باکووری کوردستان، وەک چەند ساڵی رابردوو هیچ ژنێک نەکوژراوە، هاوکات شارەکانی ئەرداخان، چەولیگ، ئەرزنجان، جۆلەمێرگ، ئیدر، موش و روحا لەو شارانەی باکووری کوردستانن کە هیچ ژنێکیان تێدا نەکوژراوە. زۆرترین ژن لە شارەکانی باکووری کوردستان لە دیاربەکر کوژراون کە حەوت ژن بوون. زۆرترین ژن کە 44 ژنن لە ئیستانبوڵ کوژراون. هاوکات لە ئەنقەرە 21 ژن و لە ئیزمیریش 20 ژن کوژراون کە سێ شارە گەورەکەی تورکیان.