فەرماندەی هێزی دەریایی ئێران: سیناریۆیی جیاوازمان بۆ رووبەرووبونەوەی نەتانیاهوو هەیە
فەرماندەی هێزیی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێزی دەریایی ئێران سیناریۆیی جیاوازی بۆ رووبەرووبونەوەی نەتانیاهوو هەیە، لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئەو سیناریۆیانە جێبەجێدەکرێت.
عەلی رەزا تەنکسیری، فەرماندەی هێزیی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، "ئەگەر دوژمنەکانمان بیانەوێت یاری بە ئاگر بکەن ئەوا ئێمە بە توندترین شێوە رووبەروویان دەبینەوە"، دەشڵێت، ئێران پەیامی ئاشتی بۆ وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی کەنداو هەیە، بەڵام هەر وڵاتێک بیەوێت یاری بە ئاگر بکات و ئاسایشی ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە لە لایەن ئێرانەوە بە توندترین شێوە وەڵام دەدرێتەوە.
فەرماندەی هێزیی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران ئاماژەیبەوەشکرد، کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ کاردانەوەیەک نیشان نادات، ئەگەر ئاسایش و ئارامی خاکەکەی نەکرێتەوە ئامانج، بەڵام ئەگەر بێتو وڵاتێکی ئیسلام لە ناوچەکە رووبەری دەستدرێژی وهێرشی وڵاتێکی نا ئیسلامی بووەوە، ئەو کات هێزەکانی ئێران بڕیار دەدەن بەرامبەری بوەستنەوە.
فەرماندەکەی ئێران گوتیشی، ئەو مانۆڕە سەربازییانەی ئێران لە ناوچەکە پیشانی دەدات تەنیا بەشێکی بچووکە لە پیشەسازی چەک و توانای ئێران.
لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوو سوپایی پاسدارانی ئێران رایگەیاندبوو، هەندێک چەک و کەرەستەی نوێیان لایە تاوەکو ئێستا بەکاریان نەهێناوە گوتیان، لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەکاری دەهێنن.
06/10/2024