مەهاباد زیاتر لە 450 هەزار تۆن بەرهەمی کشتوکاڵیى و ئاژەڵداریى هەبووە

ئەمساڵ زیاتر لە 450 هەزار تۆن بەرهەمی جۆراوجۆری ئاژەڵ و کشتوکاڵی لە شاری مەهاباد بەرهەمهێنراوە، لەوەشدا گوندنشینان و کۆچەرییەکان رۆڵى سەرەکیان هەبووە.

ئەنوەر دیودڵ، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای هەرەوەزریی کۆچەرییەکانى مەهاباد، گوتی "لە مەهاباد نزیکەی هەزار و 350 خێزانى کۆچەریی هەن، کە خاوەنى 230 هەزار سەر ئاژەڵی بچووک و شەش هەزار ئاژەڵی گەورەن".

ئەنوەر دیودڵ، دەڵێت "کۆچەرییەکانی مەهاباد ساڵانە سێ هەزار و 900 تۆن شیر و دوو هەزار و 350 تۆن گۆشتی سوور بەرهەمدەهێنن، کە نزیکەی لەسەدا پێنجی گۆشت و شیری پارێزگای ورمێ دەکات."

هاوکات، حەقگو، بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى مەهاباد رایگەیاند، بەرهەمى گەنم، جۆ و چەوەندەری شارەکە ساڵى رابردوو زیاتر لە 270 هەزار تۆن بووە.

ئاماژەى بەوەشکرد، بەرهەمی باخداریى زیاتر لە 150 هەزار تۆنە و بەروبوومی ئاژەڵیش زیاتر لە 37 هەزار تۆن گۆشت و شیرە، لەو ژمارەیەش 17 هەزار تۆن شیر و چوار هەزار تۆن گۆشتی سوورە.

بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى مەهاباد، روونیکردەوە زیاتر لە 14 هەزار کەس لە شارەکە خەریکی کشتوکاڵ و باخداریی و ئاژەڵدارین و گوتیشى "ساڵانە زیاتر لە 15 هەزار و 500 تۆن گۆشتی سپی لە شاری مەهاباد بەرهەمدەهێنرێت.