خەڵاتی نۆبڵی ئەمساڵ بەخشرا بە دوو زانای ئەمریکی

ڤیکتۆر ئەمبرۆس و گاری روڤکون
ڤیکتۆر ئەمبرۆس و گاری روڤکون

خەڵاتی نۆبڵی پزیشکی بۆ ساڵی 2024، بەخشرا بە هەردوو زانای ئەمریکی، ڤیکتۆر ئەمبرۆس و گاری روڤکون،  ئەوەش بەهۆی دۆزینەوەی "مایکرۆ ئاڕ ئێن ئەی"ـەوە، کە پۆلێکی نوێی بچوکترە لە "دی ئێن ئەی" و رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە رێکخستنی چالاکیی جینەکاندا.

لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، خەڵاتی نۆبڵی ئەمساڵ دەبەخشرێت بە دوو زانا، بەهۆی دۆزینەوەی بنەمایەکی بنەڕەتی گەردیلەیی وردەوە، کە چالاکیی جینەکان رێکدەخات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم دۆزینەوەیە بنەمایەکی نوێی بۆ رێکخستنەوەی جینەکان ئاشکرا کردووە، دەرکەوتووە پێکهاتەیەکی بنەڕەتیی زیندەوەرە فرەخانەییەکانە، لەنێویاندا مرۆڤ.

ساڵی رابردوو، خەڵاتی نۆبڵی پزیشکی بەخشرا بە کاتالین کاریکۆی زانای هەنگاری - ئەمریکی و درو وایسمانی ئەمریکی بەهۆی دۆزینەوەکانیان، کە یارمەتیدەر بوون لە دروستکردنی ڤاکسینی نێردراوی "ئێم ئاڕ ئێن ئەی"ـی دژ بە کۆڤید - 19 کە گرنگییەکی تایبەتی هەبووە لە  خاوکردنەوەی بڵاوبوونەوەی پەتاکەدا.

تاوەکو ئێستا 114 جار خەڵاتی نۆبڵی پزیشکی بەخشراوە بە 227 براوەی خەڵاتەکە، لەنێو ئەو ژمارەیەشدا تەنیا 13 ژن هەن خەڵاتەکەیان پێبەخشرابێت، کە بەهاکەی 11 ملیۆن کرۆنی سویدییە، دەکاتە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار و لەلایەن داهێنەری سویدی ئەلفرێد نۆبڵەوە خەڵاتەکە داهێنراوە.