ئایا هیچ پەیوەندییەک هەیە لەنێوان زۆر ئارەقکردنەوە و پێستی هەستیاردا؟

گران جاف 08/10/2024

توێژەرانی زانکۆی جۆرج واشنتن لە ئەمریکا هەستان بە ئەنجامدانی توێژینەوەیەک بۆئەوەی بزانن ئایا ئارەقکردنەوەی زۆر هۆکارە بۆ هەستیاربوونی پێست یان نا؟ تێیدا لێکۆڵینەوەیان بۆ ئاماری زیاتر لە 600 کەس کرد کە گرفتی زۆر ئارەقکردنەوەیان هەبوو و توێژینەوەکە لە گۆڤاری دەرمان و زانستی پێستدا بڵاوکرایەوە.

لە توێژینەوەکەدا پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان زۆر ئارەقکردنەوە و پێستی هەستیاردا هەبوو.
بە شێوازێکی ئاسایی، لەکاتی گەرمابووندا جەستە ئارەقدەکاتەوە بۆئەوەی خۆی فێنکبکاتەوە، بەڵام لەو کەسانەی زیاد لە پێویست ئارەقدەکەنەوە، تەنانەت لە کەشە ساردەکانیشدا ئارەق دەکەنەوە. ئەم حاڵەتەش کاریگەری لەسەر چەند شوێنێکی دیاریکراو دەبێت وەکو دەست، پێ، رووخسار و ژێرباڵ.

ئەو کەسانەشی کە پێستی هەستیاریان هەیە، کاتێک بەرکەوتنیان لەگەڵ گەرما، ئارەق، گووشاری دەروونی و بەرهەمەکانی پێست دەبێت، زیاتر تووشی خوران، سووتانەوە و توندبوونی پێست دەبن.

توێژەران بۆیاندەرکەوت کە ئەو کەسانەی زیاتر ئارەقدەکەنەوە، مەترسیی هەستیاربوونی پێستیان زیاترە، تەنانەت لەو شوێنانەشی کە ئارەق ناکەنەوە.

هەروەها توێژەران بۆشیان دەرکەوت کە تاوەکو ئارەقکردنەوەکە زیاتربێت، ئەوا هەستیاربوونی پێستەکە زیاتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەستەکان زیاتر ئارەقدەکەنەوە و ئەو کەسانەشی پێستی هەستیاریان هەیە، زیاتر بەو بەرهەمانەی پێست هەستیارن کە تایبەتن بە هەستیاریی پێست.

گران جاف

08/10/2024