کاکەی فەلاح.. مامۆستای ئەدەبی منداڵان

حەسەن فەلاح 2 کاتژمێر پێش ئێستا

حەمە حەمەئەمین قادر، ناسراو بە کاکەی فەلاح، یەکێکە لە دیارترین شاعیر و ڕۆژنامەوانەکانی کورد، ساڵی 1928 لە چوارتا لەدایکبووە.


کاکەی فەلاح قۆناغەکانی سەرەتای خوێندنی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە، لە سەروبەندی نووسینی شیعردا، خەباتی ئەدەبیی بۆ نیشتمان ئەنجامداوە و لەسەر هەڵوێستەکانی دەستگیرکراوە، بەڵام بەردەوام بووە لە برەودان بە بۆچوونی شۆڕشگێڕانە.


عەبدولواحید نووری، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هەڵوێست و دونیابینییەکەی دروستکردووە، هەر لە منداڵییەوە دەستی داوەتە نووسینی هۆنراوە، ساڵانی 1945 بۆ 1946 دەستی بە نووسین کردووە، بایەخێکی گەورەی بە ئەدەبی منداڵان داوە.


لە ئاستی گشتییدا، کاکەی فەلاح گرنگیی بە ئەدەبی بەرەنگاریی و شیعری سیاسییش داوە، بە زمانێکی سادە و ساکار و پڕ لە واتا، مەبەستە شیعرییەکانی خۆی گەیاندووە و لە گۆڕەپانی ئەدەبی کوردییدا بووە بە ناوێکی گەورە و دیار، شیعری بۆ ڕەنجدەران و کرێکار و جووتیارانی کوردستان نووسیوە، لە پەخشانێکیدا ساڵی 1947، کاتێک ناوی جووتیاران بە "کاکەی فەلاح" دەهێنێت، ئەم ناوەی بەسەردا دادەبڕن و بە کاکەی فەلاح ناوبانگ دەردەکات.


لەماوەی ژیانی ئەدەبیی خۆیدا چەندین بەرهەمی گەورە و دیاری نووسیوە، کە ژمارەیان نزیکدەبێتەوە لە 30 بەرهەم، لەوانە:

سۆزی دەروون

دیوانی چرۆ

شێری ساختە

جگەرگۆشەکان

دیوانی کاکەی فەلاح


کاکەی فەلاح، گەورە شاعیری نیشتمانپەروەر و مامۆستای ئەدەبی منداڵان، ڕێکەوتی نۆی تشرینی یەکەمی 1990 لە تەمەنی 62 ساڵیدا و لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کردووە.

حەسەن فەلاح

2 کاتژمێر پێش ئێستا