قۆناغی دووەمی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان دەستپێدەکات

قۆناغی دووەمی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق دەستپێدەکات و گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان دەڵێت: ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لەنێوان ساڵانی 2003 تاوەکو 2014 خانەنشین کراون.
سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان بە کەناڵ8ـی گوت: قۆناغی یەکەمی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق ئەو کەسانەی گرتەوە کە لە نێوان ساڵانی 2014 تاوەکو 2024 خانەشین بوون و لەم مانگەوە قۆناغی دووەم دەستپێدەکات و ئەو خانەنشینانە دەگرێتەوە کە لە ساڵانی 2003 تاوەکو 2014 خانەنشین بوون.
گوتیشی، ئەو کەسانەی لە ساڵانی 2003 تاوەکو 2014 خانەنشینکران لە دوو مانگی رابردوو مووچەکانیان زیادی کردووە، بەڵام بەشێوەی فەرمی هاوتای عێراق نەکراوە و تەنیا مووچەکانیان زیادکرا کە بەشێکیان 100 هەزار دینار چووەتەسەر مووچەکانیان.
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 250 هەزار کەسن.
بەگوێرەى یاساى خانەنشینیی یەکگرتووى عێراق ئەگەر خانەنشین لەژیاندابێت، خانەنشینى سەربازیى بێت یاخود شارستانى، کەمترین مووچەى 500 هەزار دینار دەبێت و 100 هەزار دینارى باشترکردنى بژێوی بۆ خەرجدەکرێت.
10/10/2024