مووچەى بەشێکى دیکە لە خانەنشینان زیاد دەکرێت

دینارى عێراقى. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8
دینارى عێراقى. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی سەربە وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان رایگەیاند، ژمارەیەکى دیکە لە خانەنشینان، مووچەکانیان هاوتاى خانەنشینانى حکومەتى عێراق دەکرێت و مووچەکانیان لە 600 هەزار دینارەوە دەچێتە سەروو ملیۆنێک دینار.

ئەو سەرچاوەیەى بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیى شارستانی بە کەناڵ8ـى راگەیاند، ئەو خانەنشینانەى لە ژیاندا ماون و لەنێوان ساڵانى 2003 تاوەکو 2014 خانەنشین بوون، پێشتر تەنیا 600 هەزار دیناریان وەکو خانەنشینى وەرگرتووە، لە مانگى 11ـى ئەمساڵەوە، بەگوێرەى یاساى ژمارە 9ـى ساڵى 2014ـى خانەنشینیى یەکگرتووى عێراق، گۆرانکارى بەسەر مووچەکانیاندا دێت و مووچەى بەشێکیان دەچێتە سەروو ملیۆنێک دینار.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشى، ئەو خانەنشینانە هاوشێوەى خانەنشینانى دواى ساڵى 2014 ساڵانى خزمەت و بڕوانامە و دواین مووچەیان بۆ هەژماردەکرێت و لەگەڵ دابەشکردنى مووچەى مانگى 11 مووچە بەگوێرەى رێنماییە نوێیەکە وەردەگرن.

سەرچاوەکەى بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینى شارستانى باسى لەوەشکرد، سەرقاڵى ئامادەکردنى لیستى مووچەى مانگى 10ـى خانەنشینانن و ناتوانن ئەو هاوتاکردنە لەگەڵ لیستى مووچەى ئەو مانگە ئامادەبکەن.

وەزارەتى دارایی و ئابوریی هەرێمى کوردستان لە مانگى تەمموزەوە مووچەى بەشێک لە خانەنشینانى شارستانى هاوتاى خانەنشینانى حکومەتى فیدڕاڵ کردووە و مانگانە 45 ملیار دینار خەرجى مووچەى هەرێمى کوردستان زیادیکردووە.