مزگەوتى گەورەى سلێمانى دواى نۆژەنکردنەوەى کرایەوە

مزگەوتى گەورەی سلێمانی. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8
مزگەوتى گەورەی سلێمانی. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونى بەرپرسان و مامۆستایانى ئایینى و نوێژخوێنان، مزگەوتى گەورەى سلێمانى، دواى نۆژەنکردنەوەى لەسەر ئەرکى بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرایەوە.

نۆژەنکردنەوەى مزگەوتى گەورەى سلێمانى ماوەى ساڵێکى خایاندووە و لەلایەن کۆمپانیاى ئانزۆ جێبەجێکراوە.

شێخ محەمەد شێخ سالارى حەفید، سەرپەرشتیارى مزگەوتى گەورە و مەرقەدى کاک ئەحمەدى شێخ لە رێوڕەسمى کردنەوەى مزگەوتەکەدا رایگەیاند، بۆ جارى سێیەمە مزگەوتى گەورە نۆژەندەکرێتەوە و دەگەڕێندرێتەوە لەسەر شێوە کەلەپورییەکەى لە ساڵى 1905ى زاینى.

هاوکات، د. زەینەدین مەولود، بریکارى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى رایگەیاند، مزگەوتى گەورە بەشێکە لە رووخسار و مێژووى سلێمانى و کوردستان و مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى بابانەکان.