شەکرە چییە و چۆن چارەسەر دەكرێت؟
شەکرە، کۆمەڵێک نەخۆشی دەگرێتەوە کە تیایاندا کێشە بۆ هۆڕمۆنی ئینسۆلین دروستدەبێت. ئینسۆلین لە پەنکریاسدا دروستدەبێت و بەرپرسە لە رێکخستنەوەی شەکری ناو خوێن.
لە چ کاتێکدا دەکرێت کەسێک تووشی شەکرە ببێت؟
- کاتێک پەنکریاس کەم ئینسۆلین دروستدەکات، یان هیچ دروستناکات
- کاتێک هەماهەنگیی خانەکان لەگەڵ ئینسۆلین تێکدەچێت. (لەم جۆرەیاندا بەرگریی خانەیی بۆ ئینسۆلین پەیدادەبێت، واتە هەرچەندە ئینسۆلین هەوڵدەدات کە شەکری ناو خوێن کەمبکاتەوە و بیخاتە ناو خانەکانەوە، ناتوانێت).
رۆڵی ئینسۆلین چییە لە شەکرەدا؟
کاتێک مرۆڤ شتێک دەخوات، لەناو گەدە و ریخۆڵەکاندا هەرسدەکرێت بۆ یەکەی بچووک. خۆراکی خانەکانی جەستەی مرۆڤ بریتییە لە شەکری گلوکۆز، هەر بۆیە زۆرینەی ئەو خۆراکەی کە دەخورێت، دوای هەرسکردن دەکرێت بەمجۆرە شەکرە.
دوای ئەوەی خۆراکە هەرسکراوەکە بوو بە گلوکۆز و رێژەی ئەمجۆرە شەکرە لەخوێندا بەرزبووەوە، پەنکریاس هۆڕمۆنی ئینسۆلین دەردەدات. ئەم هۆڕمۆنە وەکو سیگناڵێک وایە بۆ خانەکان، وایان لێدەکات گلوکۆزی ناو خوێن وەربگرن، ئەمە وا دەکات رێژەی شەکر لە خوێندا کەمببێتەوە. ئەو کەسانەی شەکرەیان هەیە، یان پەنکریاسیان بەتەواوی ئیش ناکات و ئینسۆلینی پێویست بەرهەم ناهێنێت، یان خانەکانیان ناتوانن ئاماژەکانی ئینسۆلین بخوێننەوە و شەکری ناو خوێن هەڵبمژن، ئەمە وادەکات رێژەی شەکری ناو خوێن بەرزببێتەوە، ئەم حاڵەتە پێی دەگوترێت شەکرە.
جۆرەکانی شەکرە چین؟
پێششەکرە
لەم جۆرەیاندا رێژەی شەکری خوێن بەرزدەبێتەوە، بەڵام ناگاتە ئاستێک پێی بگوترێت شەکرە. بۆیە ئەو کەسانەی پێششەکرەیان هەیە، هیچ نیشانەیەکیان لێ دەرناکەوێت.
شەکرەی جۆری یەک
شەکرەی جۆری یەک کاتێک روودەدات، کە خانەکانی بەرگری هێرشدەکەنە سەر ئەو خانانەی پەنکریاس کە بەرپرسن لە بەرهەمهێنانی ئینسۆلین،ئەمە وادەکات هیچ ئینسۆلینێک بەرهەم نەهێنرێت، هەر بۆیە ئەو کەسانەی شەکرەی جۆری یەکییان هەیە، پێویستدەکات بەبەردەوامی هۆڕمۆنی ئینسۆلین لەرێگەی دەرزییەوە وەربگرن.
شەکرەی جۆری دوو
شەکرەی جۆری دوو زیاتر لەکەسانی سەروو چل ساڵدا روودەدات، لەمجۆرەیاندا یان رێژەی هۆڕمۆنی ئینسۆلین زۆر کەمە، یاخود خانەکان بەرگرییان بۆ پەیدا کردووە و ناتوانن ئاماژەکانی بخوێننەوە. شەکرەی جۆری دوو زیاتر پەیوەندیی بە خواردن و شێوازی ژیانەوە هەیە؛ بۆیە لە کەسانی قەڵەودا زیاتر روودەدات.
شەکرەی کاتی دووگیانی
هەندێک خانم بەر لە دووگیانبوون شەکری خوێنیان ئاساییە، بەڵام لەکاتی دووگیانبوون تووشی نەخۆشیی شەکرە دەبن، ئەمجۆرە شەکرەیە پێی دەگوترێت شەکرەی کاتی دووگیانی. پزیشکی ژنان و منداڵبوون پشکنینی شەکرە بۆ هەموو ئەو خانمە دووگیانانە دەکات کە سەردانی دەکەن.
شەکرەی کاتی دووگیانی ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت، دەبێتە هۆی چەندین کێشە بۆ دایک و کۆرپەلەکە.
نیشانەکانی شەکرە چین؟
نیشانەکانی شەکرەی جۆری یەکەم زۆرجار قورسن و لەناکاو روودەدەن:
- تینووێتیی زۆر
- برسییەتیی نائاسایی
- وشکیی دەم
- میز زۆرکردن
- دابەزینی کێش
- شەکەتی
- لێڵبوونی بینایی
- هەناسەدانی قورس
شەکرەی جۆری دووەم زۆرجار هیچ نیشانەیەکی نییە، یان زۆر بەخاوی نیشانەکانی دەردەکەوون. ئەگەر نیشانەی هەبێت، لەپاڵ نیشانەکانی شەکرەی جۆری یەکەمدا، دەکرێ ئەمانەش هەبن:
- ئەگەر کەسەکە برینێکی هەبێت، درەنگ چاکدەبێتەوە
- خورانی پێست
- هەوکردن
- زیادبوونی کێش
- سڕبوون و مێروولەکردنی دەست و قاچ
- لاوازیی توانای سێکسی
چارەسەری چییە؟
نەخۆشییەکانی شەکرە هیچ چارەسەرێکی یەکجاریان نییە، بەڵام کۆمەڵێک رێگە و دەرمان هەن، یارمەتیی کەسەکە دەدەن نیشانەکانی نەمێنێت و مەترسیی توشبوون بە ماکەکانی شەکرەی لەسەر نەبێت. کەسانی توشبوو بە شەکرەی جۆری دوو، سوود لە وەرزشکردن، دابەزاندنی کێش و رێکخستنی سیستەمی خۆراکییان دەبینن.
ماکەکانی شەکرە چین؟
- نەخۆشیی چاو
- نەخۆشیی گورچیلە
- نەخۆشییەکانی قاچ
29/09/2023