هەشت رێگە بۆ چارەسەرکردنی هەڵوەرینی قژ
هەڵوەرینی قژ کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر جەستە نییە، بەڵام لەرووی دەروونییەوە ناخۆشە و کەسەکە نیگەران دەکات. قژهەڵوەرین چەندین هۆکاری هەیە، کە گرنگترینیان هۆکاری بۆماوەییە. چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لەوانەیە ئاسان نەبێت، سەرەڕای ئەمە هەندێک رێگەی سروشتی هەن کە یارمەتیدەر دەبن لە دووبارە پڕبوونەوەی قژ. پسپۆران چەند رێگەیەکی سروشتیی پێشنیار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە، کە ئەمانەی خوارەوەن:-
1- مەساج
مەساجی پێستی سەر یارمەتیدەرە لە چالاکبوونی سووڕی خوێن. ئەمە وادەکات هانی گەشەی قژ بدات و بەهێزی بکات. وا باشترە رۆنێکی سروشتی، بۆ نموونە زەیتی زەیتوون، بەکاربهێنرێت لە مەساجکردنی پێستی سەردا. دەبێت نەرمایی پەنجە بەکاربهێنیت بۆ ئەوەی زیان بە پێستەکە نەگات. شێوازی مەساجەکە دەبێت بەنەرمی و بەشێوەی بازنەیی بێت. ئەگەر رۆژانە پێنج خولەک تەرخان بکرێت بۆ ئەم مەبەستە، رەنگە کاریگەری باشی هەبێت.

2- ئەلۆڤێرا
ئەم رووەکە دەتوانرێت راستەوخۆ بەکاربهێنرێت لەسەر پێستی سەر یان لە رێگەی شامپۆکەیەوە سوودی لێوەربگیرێت. ئەم رووەکە دەمێکە بەکاردەهێنرێت بۆ چارەسەری هەڵوەرینی قژ. یارمەتیی پێستی قژ دەدات، نەرمی دەکاتەوە، هەروەها رشکی قژ کەمدەکاتەوە و کونیلە گیراوەکانی پێستی سەر، بەردەدات.

3- رۆنی گوێزهیندی
ئەم رۆنە جۆرە چەورییەکی تێدایە بە ناوی (لاوریک ئەسید)، کە دەچێتە نێو قەدی مووەوە و دەیپارێزێت لە شیبوونەوە. ئەو کەسانەی قژیان چەورە، دەتوانن پێش خۆشتن بەکاری بهێنن، ئەوانەشی قژیان وشکە، دەتوانن بە قژیانەوە بەجێیبهێڵن.

4- رۆنی ماسی
خواردنی رۆنی ماسی، کە بڕێکی باشی ئۆمێگا-سێ و مادە خۆراکییە گرنگەکانی تێدایە، سوودێکی باش بە قژ دەگەیەنێت. یارمەتیی گەشە و بەهێزیی قژ دەدات. دەتوانرێت رۆنی ماسی لەڕێگەی خواردنی ماسی، یاخود لەرێگەی تەواوکەری خۆراکییەوە وەربگیرێت.

5- جینسینگ
وەرگرتنی تەواوکەری خۆراکیی جینسینگ رەگی قژ کارا دەکات. جینسینگ کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ هەیە، کە یەکێکە لە هۆکارەکانی قژ هەڵوەرین. هاوکات سووڕی خوێن چالاکدەکات، ئەمەش وا دەکات رەگی قژ تەندروست بێت و بەباشی گەشە بکات.

6- پیاز
هەرچەند بۆنێکی ناخۆشی هەیە و هەندێک کەس رقی لێیەتی، بەڵام بەکارهێنانی ئاوی پیاز بۆ پێستی سەر یارمەتیی بەهێزبوونی قژ دەدات.

7- رۆنی رۆزماری
ئەم رۆنە بەسروشتی بەردەستە و دەتوانرێت بخرێتە نێو شامپۆوە. دەتوانرێت هەم لەکاتی شۆردن، هەم بۆ مەساجکردنی پێستی سەر بەکاربهێنرێت. توێژینەوەکان سەلماندوویانە رۆنی رۆزماری هانی دروستبوونی مووی نوێ دەدات و رێگریدەکات لە هەڵوەرینی قژ.

8- لیمۆ
دەتوانرێت گیراوەی لیمۆی فرێش بۆ قژ بەکاربهێنرێت. لیمۆ، تەندروستیی پێستی سەر دەپارێزێت و رەگی قژ بەهێز دەکات. سەرەتا گیراوەکە بەناو قژدا بڵاودەکرێتەوە و پاش 15 خولەک کەسەکە قژی دەشوات.

30/09/2023