حەماس بەفەرمی کوژرانی یەحیا سنواری راگەیاند
خەلیل حەییە، بەرپرسی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە بە فەرمی کوژرانی یەحیا سنواری راگەیاند و گوتی لە رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیدا لەگەڵ سوپای ئیسرائیل، یەحیا سنوار، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە کوژراوە و راشیگەیاند، تاوەکو کۆتاییهاتنی شەڕ و کشانەوەی ئیسرائیل لە غەززە، بارمتەکان ئازاد ناکەن.
حەییە لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەدا کە یەحیا سنوار، لە دوای دەرچوونییەوە لە زیندان بەردەوام بوو لە کارەکەی و لە ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"دا رۆڵێکی کاریگەری هەبووە، تاوەکو ئەو کاتەی کە بە دەستی سوپای ئیسرائیل کوژراوە.
جەختیشیان کردەوە، حەماس بەردەوام دەبێت لە چالاکییەکانی تاوەکو دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی لەسەر خاکی فەلەستین، کە قودس پایتەختەکەی بێت.
بەرپرسەکەی حەماس لە غەززە ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو دەستدرێژی بۆ سەر غەززە و کشانەوەی تەواوەتی سوپای ئیسرائیل لێی و ئازادکردنی زیندانییەکانیان لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن، بارمتەکان ئازاد ناکەن.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، یەحیا سنوار، سەرۆکی بزوتنەوەکە لە روبەڕووبوونەوەیەکی دەستەویەخەدا لە رەفەح، باشووری کەرتی غەززە کوژراوە، بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل سنوار رۆژێک پێشتر، واتا رۆژی 16ی تشرینی یەکەم کوژراوە.
زۆرێک لە سەرکردەکانی ئەوروپا و ئەمریکا دەستخۆشییان لەو هەنگاوەی ئیسرائیل کرد و داوایانکرد بکرێتە هەلێک بۆ راگەیاندنی ئاشتی سەرتاسەری و ئاگربەست لە غەززە.
19/10/2024