نیشانەکانی هەوکردنی ریخۆڵەکوێرە چین؟

ژنێک کە ڕیخۆڵەکوێرەی توشی هەوکردن بووە، و بەدەست ئازارەکەیەوە دەناڵێنێت
ژنێک کە ڕیخۆڵەکوێرەی توشی هەوکردن بووە، و بەدەست ئازارەکەیەوە دەناڵێنێت

ریخۆڵەکوێرە ئەندامێکی لولەیی بچووکە، دەکەوێتە لای راستی بەشی خوارەوەی سک. تاوەکو ئێستا روون نەبوەتەوە کە کار و سوودی ئەم ئەندامە چییە لە جەستەدا، بەڵام هەندێک دژەتەنی تایبەتمەند دروستدەکات. کاتێک ئەو ئەندامە بچووکە تووشی هەوکردن دەبێت، کەسەکە دووچاری ئازاری سک دەبێت، ئەم حاڵەتە لەنێو خەڵکیدا بە ریخۆڵەکوێرە ناسراوە. 

هەوکردنی ریخۆڵەکوێرە چۆن روودەدات؟ 

ریخۆڵەکوێرە لکاوە بە ریخۆڵە ئەستوورەوە، لەبەرئەوە هەر شتێک بە ریخۆڵە ئەستوورەدا تێپەڕ ببێت، ئەگەری هەیە بچێتە نێو ریخۆڵەکوێرەوە. زۆرجار پیسایی، تەنی نامۆ بە جەستە، یان بوونی گرێیەک لەم ناوچەیەدا وادەکات دەرچەی ریخۆڵەکوێرە بگیرێت، ئەمەش وا دەکات ئەو شلانەی دەریدەدات، گیر بخۆن لەنێویدا. لە ئەنجامدا دیوارەکانی ریخۆڵەکوێرە تووشی هەوکردن دەبن، ئەستوور دەبن و لە هەندێک حاڵەتیشدا دەتەقن. 

نیشانەکانی هەوکردنی ریخۆڵەکوێرە چین؟ 

  • بوونی ئازار لەلای راستی بەشی خوارەوەی سک 
  • نەبوونی ئارەزووی خواردن  
  • دڵتێکەڵهاتن و رشانەوە 
  • هەڵئاوسانی سک 
  • تا 
  • دەرنەچوونی با

دەکرێت ئەم نیشانانەش لە هەندێک کەسدا دەر بکەوون: 

  • بوونی ئازار لە پشت، یان شوێنەکانی دیکەی سک  
  • بوونی ئازار لە کاتی میزکردن 
  • قەبزی یان سکچوون 

لە کاتی بوونی ئەم نیشانانە، گرنگە کەسەکە هیچ شتێک نەخوات و نەخواتەوە. باشتریش وایە راستەوخۆ سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتن بکات، چونکە لە چارەسەرکردنی هەوکردنی ریخۆڵەدا، کات ئێجگار گرنگە.  

چارەسەری هەوکردنی ریخۆڵەکوێرە چییە؟ 

لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا چارەسەری هەوکردنی ریخۆڵەکوێرە، بە دەرهێنانی ریخۆڵەکوێرە هەوکردووەکە دەبێت، چونکە ئەم ئەندامە هیچ رۆڵێکی دیاریکراوی نییە لە جەستەدا، دەرهێنانی زیان بە کەسەکە ناگەیەنێت.  
ئەگەر ریخۆڵەکوێرەی کەسەکە تەقیبێت، یان کێم کۆبووبێتەوە لە سکیدا، ئەوا لەوانەیە ئەنجامدانی نەشتەرگەری مەترسیدار بێت. بۆیە سەرەتا پزیشک هەوڵدەدات چارەسەری کێمەکە بکات، دواتر ریخۆڵەکوێرەکە دەربهێنێت. 

دوای نەشتەرگەریی دەبێت چەند رۆژ لە نەخۆشخانە بمێنمەوە؟ 

ئەگەر نەشتەرگەرییەکە بەسەرکەوتوویی ئەنجام بدرێت، ئەوا لە ماوەی 12 کاتژمێردا نەخۆشەکە دەتوانێت بڕواتەوە ماڵەوە. 
ئەگەر ریخۆڵەکوێرە هەوکردنە، کەواتە بۆچی بە دەرمانی دژەهەوکردن چاک نابێت و دەبێت نەشتەرگەری ئەنجام بدرێت؟ 
هەوکردنی ریخۆلەکوێرە حاڵەتێکی لەناکاوە، ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت، رەنگە ریخۆڵەکوێرەکە بتەقێت و ببێتە هۆی حاڵەتی مەترسیدارتر. هاوکات ئەگەر نەخۆشەکە دەرمان بخوات، رەنگە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا چاک ببێتەوە، بەڵام ئەگەری تەقینی ریخۆڵەکوێرەکە لەو ماوەیەدا زیاترە، لەبەرئەوە باشترین بژاردە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییە.