بەکارهێنەرانی مایکرۆسۆفت رۆژانە رووبەڕووی 600 ملیۆن هێرش دەبنەوە
کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە راپۆرتێکی نوێدا دەڵێت، بەکارهێنەرانی رۆژانە رووبەڕووی زیاتر لە 600 ملیۆن هێرشی ئەلیکترۆنی دەبنەوە، بەشێکی ئەم هێرشانە بەهۆی پەرەسەندنی شێوازی کارکردنی باندە ئەلیکترۆنییە تاوانکارییەکانەوە، کە لەلایەن وڵاتانەوە پاڵپشتی دەکرێن.
لە راپۆرتی بەرگریی دیجیتاڵی ئەمساڵدا، مایکرۆسۆفت رایگەیاندووە، وڵاتانی وەکو رووسیا، ئێران و کۆریای باکوور، گۆڕانکارییان لە شێوازی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانیاندا کردووە، بەراورد بە ساڵی رابردوو لەگەڵ ئەوەی دەستیانکردووە بە تاقیکردنەوەی ژیریی دەستکرد.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، رووسیا بەشێک لە کارە سیخوڕییەکانی خۆی داوەتە باندە تاوانکارییە دەرەکییەکان، بەتایبەتی بۆ سیخوڕیکردن لە ئۆکرانیا، هەروەها لە کۆریای باکوور پارچەیەکی نوێی تەکنەلۆجیای رانسۆموێر بە ناوی "فەیک پێنی" پەرەیپێدراوە، بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی، ئێرانیش "تیشکێکی بەرچاوی خستووەتەسەر ئیسرائیل" و تۆمەتبارە بە هاککردنی بەشێک لە ماڵپەڕە ئیسرائیلییەکان.
هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە، بەراورد بە ساڵی رابردوو، هێرشی رانسۆموێر لە سەرانسەری جیهاندا دوو هێندە بووە کە لەڕێگەیەوە هاککەران دەستیاندەگات بە داتای بەکارهێنەران، هاوکات بەکارهێنانی ژیریی دەستکردیش زیادیکردووە، بەتایبەت لەلایەن رووسیا و چینەوە.
21/10/2024