ئەمریکا: ناردنی هێزی کۆریاى باکوور بۆ رووسیا پێشهاتێکی مەترسیدارە
ئەمریکا رایگەیاند، ناردنی هێزی کۆریای باکوور بۆ پشتیوانی رووسیا لە ئۆکرانیا، پێشهاتێکی مەترسیدارە و سەبارەت بە کاردانەوەی ئەو هەنگاوە دراماتیکییە، لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لە راوێژکردندان.
رۆبەرت ود، جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەوان چاودێری ئەو راپۆرتانەیان کردووە، کە کۆریای باکوور هێزی ناردووە و ئامادەکاریی دەکات بۆ ناردنی سەربازی زیاتر بۆ ئۆکرانیا بۆ ئەوەی شانبەشانی رووسەکان شەڕ بکەن.
گوتیشی "ئەگەر ئەو زانیاریانە راست بن، ئەوا ئەم بابەتە پێشهاتێکی مەترسیدار پێکدەهێنێت و نیگەرانییەکی زۆر دروستدەکات، کە بە مانای چەسپاندنی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان کۆریای باکوور و رووسیا دێت".
رۆژی هەینی رابردوو، دەزگای هەواڵگریی کۆریای باشوور رایگەیاند، پیونگ یانگ بڕیاریداوە هێزێکی گەورەی سەربازی رەوانەی رووسیا بکات، بۆ بەشداری لە شەڕدا دژ بە ئۆکرانیا، گوتیشى "نزیکەی هەزار و 500 سەربازی کۆریای باکوور لە رۆژهەڵاتی رووسیا سەرقاڵی مەشق و راهێنانن".
بەگوێرەى خەمڵاندنەکانی دەزگای هەواڵگری کۆریای باشوور، کۆریای باکور دەتوانێت تاوەکو نزیکەی 12 هەزار سەرباز بۆ پاڵپشتی رووسیا بنێرێت.
22/10/2024