دوو سکاڵا لەسەر بزوێنەری گەڕانی پێرپلێکستی تۆماردەکرێت
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ و نیویۆرک پۆست، سکاڵای یاساییان لەسەر کۆمپانیای ژیریی دەستکردی پێرپلێکستی تۆمارکردووە و تۆمەتباریدەکەن بە پێشێلکردنی مافی لەبەرگرتنەوە و بەکارهێنانی بابەتەکانیان بۆ مەبەستی بازرگانی.
داواکارییەکە لە دادگای فیدراڵی نیویۆرک تۆمارکراوە، کۆمپانیای پێرپلێکستی تۆمەتبار دەکات بەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی ناوەڕۆکی ئەو دوو بڵاوکراوەیەی کۆپی کردووە، تاوەکو بزوێنەری گەڕانەکەی کە بە ژیریی دەستکرد بەڕێوەدەچێت بەهێزبکات، کە وەک رکابەرێکی سەرەکیی گوگڵ سەیردەکرێت.
رۆژنامەکان داوای قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان دەکەن، کە دەگاتە 150 هەزار دۆلار بۆ هەر پێشێلکارییەک و لەناوبردنی هەر داتابەیسێک کە بەرهەمەکانی ئەوانی تێدابێت. ئەم رێوشوێنە یاساییە دوای تۆمەتبارکردنێکی هاوشێوەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دێت بۆ بزوێنەری گەڕانی پێرپلێکستی، کە هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری یاسایی لە دژی کۆمپانیاکە کردووە، بەهۆی پێشێلکردنی مافی لەبەرگرتنەوەی رۆژنامەکە.
23/10/2024