تورکیا: 32 پێگەی پەکەکەمان لەعێراق و سووریا کردە ئامانج
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، دوای هێرشە "تیرۆرستییەکە"ـی سەر ئەنقەرە چەندین پێگەی سەربە پارتی کرێکارانی کوردستان 'پەکەکە'ـیان لە عێراق و سووریا کردووەتە ئامانج.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بۆئەوە کرد، لە وەڵامی هێرشە "تیرۆرستییەکە"ی دوێنێی سەر ئەنقەرە کە تێیدا پێنج کەس کوژران، هێرشێکی ئاسمانیی چڕوپڕیان بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە باکووری عێراق و سووریا بەسەرکەوتوویی ئەنجامداوە.
تورکیا، بەبێ بڵاوکردنەوەی ئاماری زیانەکان، دەڵێت لە ئەنجامی ئەو هێرشە ئاسمانییەدا 32 پێگەی پەکەکەیان لەو دوو وڵاتە کردووەتە ئامانج.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا راشیگەیاندووە، ئۆپراسیۆنەکانیان بەردەوامدەبێت.
ئێوارەی چوارشەممە، سێ کەس هێرشیانکردە سەر بنکەی بازرگانیی ئاسمانیی تورکیا، پێنج کەس گیانیانلەدەستدا و 22ـی دیکەش بریندار بوون، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، پەکەکە لە پشت هێرشەکەوە بووە.
24/10/2024