کۆمەڵی دادگەری: ئەنجامی هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە و هەڵوێستی جدییمان دەبێ

لۆگۆى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان
لۆگۆى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان

کۆمەڵی دادگەری ئەنجامی هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە و دەڵێت: بەمەبەست و بەرنامە بۆ داڕێژراو دەنگی کۆمەڵ پوچەڵکراوە یان بۆلایەنی تر هەژمار کراوە.

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەنجامەکانی هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "سەرەتا هیوامان هەڵچنی بەهەندێک گۆڕانکاری کە لە یاسای هەڵبژاردن و شێوازی بەڕێوەچوونی کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت و رێکارەکانی ساختەکاریی کەمدەبنەوە، بەڵام نەک رێگری لە ساختەکاریی نەکرا، بەڵکو ساختەکارییەکان جۆری و رێکخراوو بوو بەشێوەیەک هەموو کەس دەرکی پێنەکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەگەڵ دەرچوونی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکان، بۆئێمەی کۆمەڵی دادگەری جێگەی سەرسوڕمان و باوەڕ نەکراوبوو، نەک سەرکردایەتی و ئەندامانی کۆمەڵ بەڵکو لەدەرەوەی کۆمەڵیش دەنگەکانی کۆمەڵ بەو رێژەیە جێگەی باوەڕ نین و کۆمەڵ ئەوئەنجامە رەتدەکاتەوە".

کۆمەڵی دادگەری لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت: کۆمەڵ کام ستەم و کام خیانەتی کردوە تاوەکو سزابدرێت و دەنگی کەم بکات، ئەوەی ئاشکرایە لایەنەکانی دەسەڵات دەستیان بەسەر قووت و مووچەی هاوڵاتییاندا گرتووە، ستەم و گەندەڵیان کردوە، ئەگەر ساختەنەبێت چۆن دەنگی ئەوان زیاد دەکات و دەنگی کۆمەڵ کەم دەکات؟ دوای بەدواداچون و گەیشتن بە زانیارییەکان گەیشتینە ئەو راستییەی بە مەبەست و بەرنامە بۆداڕێژراو دەنگی کۆمەڵ پوچەڵکراوە یان هەژمار کراوە بۆلایەنی تر.

لە راگەیەندراوەکەی کۆمەڵی دادگەریدا هاتووە، "ئەم ساختەکارییە لای ئێمە قبوڵکراو نیە و هەڵوێستی جدییمان دەبێت و سکاڵا دەکەین لە کۆمیسیۆن و دادگای فدراڵی".

جەختیشیکردووەتەوە، بۆ کابینەی داهاتووی حکومەت، نەک بەشدار نابن، بەڵکو "لە راوێژ و باس و خواستی ئەوەداین لە پەرلەمانێکی دیزاینکراو کە پێکهاتەکەی بەدەرە لە خواستی هاوڵاتییان بەشداری نەکەین".