بەهۆى هێرشەکانى تورکیاوە 54 هاونیشتمانى لە رۆژئاواى کوردستان بوونە قوربانى
لە ماوەى 24 کاتژمێردا، بەهۆى هێرشەکانى تورکیاوە بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان، 14 هاونیشتمانی گیانیانلەدەستداوە و 40 هاونیشتمانیی دیکە برینداربوون.
پەیامنێرى کەناڵ8 لە رۆژئاواى کوردستان رایگەیاند، هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتى سووریا بەردەوامن و لە 24 کاتژمێرى رابردوودا، 64 گوند و ناوچە بۆردوومانکراون و دەیان دامەزراوە و وێرانکراون.
گوتیشى، بەهۆى هێرشەکانەوە 14 هاونیشتمانیی گیانیانلەدەستداوە و 40 هاونیشتمانیی دیکەش برینداربوون.
لە لایەکى دیکەشەوە روانگەی سووری رايگەياندووە، هێرشە ئاسمانییەکانی تورکيا لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بۆسەر باکووری رۆژهەڵاتی سووريا چڕبوونەتەوە، لە ئەنجامی 45 هێرشی ئاسمانی 27 هاوڵاتی سڤيل بوونەتە قوربانى.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو هێزەکانی سوریای دیموکرات گیانلەدەستدانى لانیکەم 12 هاونیشتمانیى سڤیل پشتڕاستکردەوە کە دووانيان منداڵبوون، ئەوەش بەهۆی هێرشەکانی تورکياوە بۆسەر باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا.
وەزارەتی بەرگری تورکیاش رایگەیاندووە، هێزەکانیان 32 بنکە پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" و هاوپەیمانەکانیان لە باکووری عێراق و سووریا بۆردوومانکردووە.
هێرشەکانی تورکيا لە وەڵامی هێرشەکەی رۆژی چوارشەممەدايە، کە کۆمپانیایەکی پیشەسازی فڕۆکەوانی تورکیای لە نزیک ئەنقەرە کردە ئامانج و بەهۆيەوە پێنج کەس کوژران و 22 کسيش برينداربوون.
25/10/2024