غەریب ئەحمەد: تەوتین نەکرێت دۆخێکی خراپ چاوەڕێی مووچەخۆران دەکات

دینارى عێراقى. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8
دینارى عێراقى. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دەبێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت، بەپێچەوانەوە دۆخێکی خراپ روو لە مووچەخۆران دەکات.

غەریب ئەحمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـی راگەیاند، لە هەوڵەکانیان بۆ تەوتینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامن و لە رێگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە کار بۆ هێنانی لقەکانی بانکی رەشید و رافیدەین دەکەن بۆ هەرێمی کوردستان.

گوتیشی، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە دەستیان کردووە بە رێنماییەکانی دەستپێکردنی تەوتین و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیش هیچ گفتوگۆیەک هەڵناگرێت کە دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە بێت.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەکرێت، دۆخێکی خراپ چاوەڕێی مووچەخۆران دەکات، چونکە بڕیاری دادگای فیدراڵییە و کۆتایی ئەمساڵ ئەو وادەیە کۆتایی دێت کە بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران لە رێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە دیاریکراوە.