تورکیا بە 100 درۆن و 13 فڕۆکە هێرشى کردووەتە سەر رۆژئاواى کوردستان

هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان بەردەوامن و بەگوێرەى ئامارەکان، لە 72 کاتژمێرى رابردوودا، دەیان درۆن و فڕۆکەى جەنگیی هێرشى ئاسمانى کردووەتە سەر رۆژئاواى کوردستان و بەهۆیانەوە 17 کەس گیانیانلەدەستداوە و 49 کەسى دیکەش برینداربوون.
لە دواى هێرشە چەکدارییەکەى رۆژى چوارشەممەى سەر کۆمپانیاى پیشەسازیى ئاسمانى لە ئەنقەرە، سوپاى تورکیا، هێرشێکى فراوانى بۆ سەر رۆژئاوا و باشوورى کوردستان دەستپێکردووە، بەگوێرەى ئەو ئامارانەى پەیامنێرى کەناڵ8 لە رۆژئاواى کوردستان دەستیکەوتووە، لە 72 کاتژمێرى رابردوودا، تورکیا بە 100 درۆن و 13 فڕۆکەى جەنگیى، نزیکەى 600 مووشەکى ئاراستەى شار و شارۆچکەکانى رۆژئاواى کوردستان کردوون و چەندین دامەزراوەى خزمەتگوزاریى لەکارکەوتوون.
بە گوێرەى ئامارەکان، لە هێرشەکانى تورکیادا 14 هاوڵاتیی سڤیل و سێ ئەندامى هێزەکانى سووریاى دیموکرات گیانیانلەدەستداوە و 49ـ کەسی دیکەش برینداربوون کە نۆیان ئەندامى هەسەدەن.
26/10/2024