سەرپەرشتیاری پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی: 65%ـی کارەکانی قۆناغی یەکەمی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی تەواو بووە

کارکردن لە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی
کارکردن لە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی

سەرپەرشتیاری پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی رایگەیاند، کارکردن لە پرۆژەکە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا 65%ـی کارەکانى قۆناغى یەکەم تەواو بووە.

بەکر تەیب، سەرپەرشتیاری پرۆژەی شەقامی 100 مەتری لە شارەوانیی سلێمانی بە کەناڵ8ـی راگەیاند، کارکردن لە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بەشێوەیەکى باش بەڕێوەدەچێت و قۆناغى یەکەمى کە 33 کیلۆمەترەو لە تاسڵوجەوە دەگاتە گوندى دەمرکان، تاوەکو ئێستا 20 کیلۆمەتری قیرتاوکراوە.

گوتیشی، "65%ـی قۆناغى یەکەمى پرۆژەکە تەواو بووە و ئێستا کار لە یەکتربڕەکان و تێکەڵڕێژکردنی شەقامەکە دەکرێت".

بەگوتەی بەکر تەیب، ئەگەر بەوشێوەیەى ئێستا کارەکان بەردەوامبن، ئەوا لە ئایندەیەکى نزیکدا پرۆژەکە تەواو دەکرێت و دەخرێتە خزمەتی هاونیشتمانییانەوە.

شەقامى 100 مەترى یاخود ئوتوبانى بابان، سێ قۆناغە و درێژییەکەی 146 کیلۆمەترە، لە تاسڵوجەوە بۆ تونێلی پێشڕەو درێژ دەبێتەوە.