نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست: حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەستی راگرتووە
نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست رایگەیاند، بە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست راگیراوە، ئەگەر ئەم هەفتەیە دابەشنەکرێت هەڵوێستی توندیان دەبێت.
عەلی رەئوف، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست بە کەناڵ8ـی راگەیاند، بەگوێرەی نووسراوی ئەنجومەنی وەزیران، دەبوو مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ مامۆستایانی میلاکی وەزارەتی پەروەردە دابەشبکرێت، رۆژی سێشەممەی رابردوو مامۆستایانی میلاک دابەشکرا، بەڵام مامۆستایانی گرێبەست دابەشنەکرا.
گوتیشی، بڕیاربوو کۆتایی هەفتەی رابردوو دابەشبکرێت، بەڵام دیسان دابەشنەکرا و پێیان گوترا یەکشەممە دابەشدەکرێت، بەڵام ئەمڕۆش لە هیچ پەروەردەیەک دابەشنەکرا.
نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست ئاماژەی بەوەشکرد، مووچەکانیان بە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان راگیراوە و یاری بە هەستی مامۆستایانی گرێبەست دەکەن و لەگەڵ نووسراوی خۆیان راستگۆ نەبوون.
عەلی رەئوف جەختیشیکردەوە، ئەگەر ئەم هەفتەیە مووچەکانیان وەرنەگرن، هەڵوێستی توندیان دەبێت و خۆپیشاندان و بایکۆت دەستپێدەکەنەوە.
رۆژى 25ی ئابى 2024، حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاریدا، مامۆستایانى وانەبێژ بکات بە گرێبەست، رۆژى 26ـی ئەیلولى 2024، وەزیرى پەروەردە واژۆى لەسەر بە گرێبەستکردنى 37 هەزار و 933 مامۆستاى وانەبێژ کرد، لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە لە یەکى ئەیلولى ئەمساڵەوە.
مامۆستایانی گرێبەست ئەوانەی بڕوانامەى دیبلۆمیان هەیە مووچەکانیان 400 هەزار دینار و ئەوانەى بڕوانامەى بەکالۆریۆسیان هەیە 500 هەزار دینارە و خەرجیى مانگانەشیان 18 ملیار دینارە.
27/10/2024