د. نەرمین مەعروف: سێ مووچەی کۆتایی ئەمساڵ بێ کێشە دەنێردرێت

دیناری عێراقی. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8
دیناری عێراقی. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق سێ مووچەی کۆتایی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بێ کێشە دەنێرێت.

د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـی راگەیاند، دەنگۆی نەناردنی سێ مووچەی کۆتایی ئەمساڵ راست نییە و وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگەكانی 10، 11 و 12ـی ئەمساڵ بێ كێشە دەنێرێت و تەرخانكراوی دارایی هەیە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دڵنیاییدا لەبارەی مووچە لە ساڵی ئایندە و گوتی، پێشتر بودجەی سێ ساڵمان پەسند كردووە و لە بودجەی 2025ـدا پشكی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان جێگیر كراوە و كێشەی نابێت و ناردنی پارەی مووچە بەردەوام دەبێت.

رۆژی 18ـی ئەم مانگە دابەشکردنی مووچەی مانگی نۆی مووچەخۆران دەستیپێکرد و رۆژی 24ـی مانگ کۆتاییهات، بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، تاوەکو ئێستا لیستی مووچەی مانگی 10 بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نەنێردراوە و دیار نییە کەی لیستەکە دەنێردرێت و کەی بەغداد پارەی مووچە دەنێرێت.