حەمە ساڵح دیلان.. قەڵەمێکی بڕشت و دەنگێکی کەموێنە

محەمەد ساڵح دیلان، ناسراو بە حەمە ساڵح دیلان، ساڵی 1927 لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی هاتووەتە دونیاوە، یەکێکە لە دیارترین شاعیر و مەقامبێژانی کورد.

حەمە ساڵح دیلان قۆناغی سەرەتایی خوێندنی لە مزگەوتی شێخ بابە عەلی و خوێندنگەی خالیدییە دەستپێکردووە، پاشان بووە بە فەرمانبەر و لە سایەی بیر و باوەڕی نیشتمانپەروەرانەدا دووچاری گرتن و دوورخستنەوە بووە.

دیلان یەکێک بووە لە دیارترین شاعیرەکانی سەردەمی خۆی، لەسەر دەستی باوکی، رێی بۆ خۆشکراوە تاوەکو ببێت بە شاعیر، کاریگەربووە بە شیعرەکانی: مەولەوی، پیرەمێرد، گۆران و سالم، هاوکات خوێنەری شیعری فارسی بووە و حافز و سەعدی کاریان تێکردووە.

لە ئاستی ناوەڕۆکە شیعرییەکانیدا، حەمە ساڵح دیلان، گرنگییەکی زۆری بە باری هزر و لایەنی نیشتمانپەروەریی داوە، ئەمەش ئاستی هۆشیاریی ئەم کەسایەتییە دەردەخات بەرامبەر بە دۆخی رامیاریی سەردەمەکەی، کە یەکەم هۆنراوەی خۆی لە بەندینخانەی کوت نووسیوە.

دیلان لە شیعرەکانیدا، رەمز و نیشانی بەکارهێناوە، مەبەستەکانی تایبەت بوون و لەسایەی سەردەمی تاریکییدا هونەرێکی رەنگینی بە نیشانەکانی دروستکردووە، هاوکات، جگە لەوەی شاعیرێکی دیار و جواننووس بووە، خاوەنی دەنگ و سەدایەکی ناوازە و ئاسمانیی بووە، بە دەنگە خۆشەکەی، مەقامی گوتووە و بێهاوتابووە لە چڕینیدا و ئاوازی داناوە.

رێکەوتی 28ی تشرینی یەکەمی 1990، لە تەمەنی 63 ساڵییدا کۆچی دوایی کردووە.